ئەنقەرە
سەرۆكی بانكی ناوەندی عێراق عەلی موحسێن ئیسماعیل عەلاق كە لە چوارچێوەی پێنجەمین دانیشتنی بۆغازچی لە ئیستانبۆڵە، بە ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هێشتا عێراق بۆ شەڕی دژی داعش سەرقاڵی كڕینی چەك و پێداویستی سەربازییە و چەندین رێككەوتنمان لەو بارەوە كردووە كە نرخەكەیان چەندین میلیار دۆلارە بەڵام زۆرترین زەرەر بە خەڵكی عێراق و شار و شارۆچكەكان و شوێنی مانەوەی خەڵكی عێراق كەوتووە. ئێمە ناچارین هەموو ئەوانە قەرەبوو بكەینەوە چونكە ناتوانین لەم بارودۆخە خراپەدا كە خەڵكی ئێمە خانوو و داهات و سەرمایەی خۆی لەدەست داوە بە تەنیا بهێڵین. دەتوانم بڵێم بەپێی ئەو ئەنجامانەی كە بۆ رێكخستنی زەرەر و زیانی خەڵك بەدەست كەوتوونە زەرەرەكانی داعش بۆ خەڵكی عێراق زیاتر لە چوار تا پێنج ملیار دۆلارە".
عەلاق لە بارەی پێشبینییەكانی بانكی نێودەوڵەتییەوە لەبارەی ئابووریی عێراقەوە كە گوتبووی ئابووریی عێراق سەدا 2.7 بچووک بووەتەوە، گوتی: "لە ئیستانبوڵ لەگەڵ شاندێكی بانكی جیهانی كۆبوونەوە ئەوان بەهۆی دابەزینی سەدا 30ی نرخی نەوت لەبارەی بچووکبوونی ئابوورییەوە پێشبینی زیاتریان كردبوو، هاوكات داگیركردنی رێگە بازرگانییەكانی نێوان عێراق و كوردستان لەلایەن داعشیشەوە فاكتەرێك بووە لەو چوارچێوەیەدا. ساڵی 2015 بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و هێرشە تیرۆریستییەكانەوە بۆ ئێمە ساڵێكی تەنگانە دەبێ بەڵام ساڵی 2016 ئابووریی عێراق دووبارە دەبووژێتەوە و بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات و هەروەها بەهۆی ئەو رێككەوتنانەی كە لەگەڵ چەندین كۆمپانیای نەوتیدا ئیمزامان كردوون ساڵی داهاتوو رێژەی وەبەرهێنان و هەناردە كردنی نەوتی عێراقیش زیاتر دەبێ.
عەلاق لە بەرامبەر ئەو پێشبینییانەی كە ئاماژە بەوە دەكەن نرخی نەوت بۆ 43 دۆلار دادەبەزێت، گوتی: "من لەو بڕوایەدا نیم نرخی نەوت ئەوەندە دابەزێ و لە دیدارەكانماندا لەگەڵ شاندی بانكی جیهانیش پێشبینی ئەوە كرا كە ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت تا 50 دۆلار هەیە و ئەمەیش تا كەی بەردەوام دەبێ هێشتا دیار نییە".
عەلاق لەبارەی دابەزینی نرخی نەوتەوە گوتی: "كۆمەڵێك فاكتەری سەرەكی هەن كە كاریگەرییان لەسەر نرخی نەوت و دابەزینی نرخی نەوت كردووە دابەزینی نرخی نەوت زەرەر دەداتە ئابووریی بەڵام شانسێكمان هەیە و ئێمە دەتوانین بە پێچەوانەی وڵاتانی دیكەی ئەندامی رێكخراوی ئۆپێك رێژەی وەبەرهێنانمان زیاتر بكەین. ئێمە مافی ئەوەمان هەیە رێژەی وەبەرهێنان و هەناردە كردنی نەوتی خۆمان زیاتر بكەین. لە بەرنامەمان دایە كە ساڵی 2016 رۆژانە 4 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنین".
عەلاق باسی پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەكانی نێوان توركیا و عێراقیشی كرد و گوتی: "لەم ساڵانەی دواییدا هەرچەند كێشەی سیاسی لە نێوان هەردوولادا هەبووە بەڵام رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و توركیا زۆر بەرز بووە و هەر بەمجۆرە بەردەوام دەبێ و لە داهاتوودا هێشتا زیاتر دەبێ بەتایبەت كە ئێستا هەردوولا لە رووی نیازپاكییەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوانیان ئیرادەیان نیشان داوە و ئەمەیش كاریگەریی لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا دەكات و كاتێك كە لە رووی ئەمنی و ئاسایشیشەوە كێشە و گرفتەكان چارەسەر كران ئەوە رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا زۆر زیاتر دەبێت".