Mazın Asad
22 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2017
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن گوتی: "ئێمە لە پێناو ئایندەی ناوچەکە و گەلی سووریا و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیمان، خەباتێکی زۆر دەکەین. ئەگەر لایەنێک ھەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانیمان دروست بکات، جا لە حەلەب بێت، لە ئەلباب بێت یاخود لە رەققە بێت، تورکیا ئەوەی پێویست بێت ھەمیشە دەیکات. بۆ ئەمەش مۆڵەت لە وڵاتێکی دیکە وەرناگرین".
سەبارەت بەکۆبوونەوەی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ. کاڵن رایگەیاند "لە مانگی ئایاری داھاتوودا لووتکەی کۆبوونەوەیەک سازدەکرێت، لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ، بەڕێز سەرکۆمارمان بەشداری تێدا دەکات. بەدڵنیاییەوە لەوێ کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدرێت، پلانی بۆ دادەنرێت، بەڵام ئامادەکارییەکانمان بەردەوامن بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەک لە پێشتردا".
لەبارەی بڕیاری بەشە یۆنانییەکەی قوبرس، کاڵن گوتی: "ئاواتەخوازین بەشە یۆنانییەکەی قوبرس دەستبەرداری ئەو بڕیارەی ببێت. بەتایبەت لەکاتێکی وا ھەستیاری چاوپێککەوتنەکاندا، بڕیارێکی لەو چەشنە لە ھەموو روویەکەوە زۆر بەنەرێنی کاریگەریی دەبێت لەسەر دانوستانەکان. ئەوە لایەنی یۆنانییەکەیە کە دەبێت ھەنگاو بنێت".