Halil Demir
13 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 17 شوبات 2017
ئیستانبوڵ- AA
لە ئیستانبوڵ لە ئۆپەراسیۆنێکدا بۆسەر ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە، ٧٠ گومانلێکراو دەستبەسەرکران.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ھۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دوای ئەوەی زانیاریی ھەواڵگریی ئەوەیان بەدەست گەیشتووە کە ئەندامانی پەکەکە لەماوەی چەند رۆژی داھاتوودا لە شارەکە، بەنیازی ئەنجامدانی تەقینەوە، ھێرشی چەکداریی یان ھێرشن لە رێگەی مۆڵۆتۆفەوە، دەستیان بەلێکۆڵینەوە کردووە.
تیمەکان بەمەبەستی دەستبەسەرکردنی ئەو ١٠٤ ئەندامەی پەکەکە کە لەمیانی لێکۆڵینەوەکاندا بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرکرابوو، ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەشیان بۆ سەر ١٠٤ ناونیشانی جۆراوجۆر ئەنجام دا. لەئەنجامدا توانییان ٧٠ لە گومانلێکراوەکان دەستبەسەربکەن.
لەئەنجامی گەڕان و پشکنینی ئەو ناونیشانانەشدا کە گومانلێکراوەکانی لێبوون، یەک تفەنگ، ٢ دەمانچە، ژمارەیەکی زۆر فیشەک و ژمارەیەک بەڵگەنامەی رێکخراوەیی دەستیان بەسەردا گیرا.
دەستبەسەرکراوەکانیش دوای ئەوەی پشکنینی تەندروستییان بۆ کرا، بەمەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا، رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش کران.
ھاوکات ھەوڵەکانی تیمەکان بەمەبەستی دەستگیرکردنی ٣٤ گومانلێکراوەکەی دیکە، درێژەی ھەیە.