Hikmet Faruk Başer,Muhammed Gencebay Gür
28 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2023
ئیستانبوڵ - AA
دانیشتووانی ئیستانبوڵ بە مەبەستی ئەدا کردنی نوێژی جەژنی قوربان بە لێشاو روویانکردە مزگەوتە گەورە و دێرینەکانی شارەکە.
هاووڵاتییان، لە بەیانی زووەوە روویانکردە مزگەوتەکانی ئایاسۆفیا، سولەیمانییە و چامڵیجای گەورە ومزگەوتەکانی دیکەی شارەکە.
ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی کە بۆ نوێژی جەژن روویانکردبوویە مزگەوتی گەورەی ئایاسۆفیای پیرۆز بەهۆی ئەوەی لە ژوورەوە جێگە نەمابوو لە حەوش و دەرەوەی مزگەوتەکە نوێژیان کرد.

هەریەک لە پارێزگاری ئیستانبوڵ داوود گول، بەڕێوەبەری ئاسایشی ئیستانبوڵ زافەر ئاکتاش، پەرلەمانتاری بورسای ئاک پارتی مستەفا ڤارانک، سەرۆکی لقی ئیستانبوڵی ئاک پارتی عوسمان نوری کاباکتەپە نوێژی جەژنەیان لە مزگەوتی گەورەی ئایاسۆفیای پیرۆز کرد و دوای نوێژەکە جەژنە پیرۆزەیان لە هاووڵاتییان کرد.
هاووڵاتییەک بەناوی ئەرکان دانیشماز کە لە ئەڵمانیاوە هاتبوو، خۆشحاڵی خۆی بەوە دەربڕی کە نوێژی جەژنی لەوێ ئەدا کردووە و گوتی: "بۆ پشوو هاتبووم، هەستێکی خۆشە کە توانیم لێرە نوێژم بکەم".
هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی خەلیل توران، باسی لەوە کرد کە هەستێکی خۆشە نوێژ لە مزگەوتی ئایاسۆفیا بکات و گوتی: "خوای گەورە لەوانە رازی بێت کە دووبارە مزگەوتەکەیان بۆ پەرستش کردووەتەوە. لە دوورەوە بۆ ئەدا کردنی نوێژی جەژن هاتووین. رووحانییەتی ئەم شوێنە ئارامی دەبەخشێت".

- مزگەوتی گەورەی چاملیجاش پڕبوو
مزگەوتی گەورەی چامڵیجا لە ئوسکودار میواندارێتی هەزاران کەسی کرد کە بۆ ئەدا کردنی نوێژی جەژن هاتبوون.
ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی کە لە بەیانیی زووەوە هاتبوون بۆ مزگەوتەکە و لەوێ پێشوازییان لە جەژنی قوربان کرد.
قەرەباڵغی ئۆتۆمبێل لە شەقامەکانی بەردەم مزگەوتەکە درووستبوو و لە ماوەیەکی کەمدا مزگەوتەکە پڕبوو، نهۆمی سەرەوەی مزگەوتەکەش بۆ ژنان تەرخانکرا.

پێش دەستپێکردنی نوێژی جەژن لە تابلۆی دیجیتاڵیی مزگەوتەکە نووسرابوو "جەژنی قوربانتان پیرۆزبێت".
دوای تەواوبوونی نوێژی جەژن هاووڵاتییان لە ناوەوە و حەوشی مزگەوتەکە جەژنە پیرۆزەیان لەیەکتر کرد.
هاوکات ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی لە بەیانی زووەوە روویان کرد مزگەوتی سولەیمانییە لە گەڕەکی فاتیح و نوێژی جەژنیان لەوێ ئەدا کرد.