Müslüm Etgü,İbrahim Özcan,Orhan Pehlül,Ayhan İşcen
28 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2023
کلیس - AA
لە پارێزگاکانی کلیس، مەڵاتیا، ئادیامان و شانلیئورفا کە لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزەکانی شەشی شوبات بوون، نوێژی بەیانی جەژن کرا.
مزگەوتەکانی کلیس بەهۆی نوێژی جەژنەوە پڕبوون لە نوێژخوێن کە دوای نوێژی بەیانی جەژن پێکەوە نزایان کرد و جەژنە پیرۆزەیان لەیەک کرد.
بەهۆی قەرەباڵغی مزگەوتەکانیشەوە بەشێک لە نوێژخوێنان لە دەرەوەی مزگەوتەکان نوێژی جەژنیان کرد.
- ئادیامان
لە پارێزگای ئادیامان، ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی لە بەیانی زوودا روویان لە مزگەوتەکان کرد و پێکەوە نوێژی جەژنی قوربانیان کرد.
بەهۆی زۆری ژمارەی نوێژخوێنانەوە بەشێک لە نوێژخوێنان لە حەوشەی مزگەوتەکەدا نوێژیان کرد و دوای گوتاری جەژن پێکەوە نزایان کرد.
سەرۆک شارەوانی ئادیامان، سولەیمان کڵچ لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە سەرجەم جیهانی ئیسلامی کرد.
کڵچ ئەوەشی خستەڕوو کە وەک تیمەکانی شارەوانی بەردەوام دەبن لە خزمەت کردنی هاووڵاتییان.
- ماڵاتیا
لە قەزای دارەندەی سەر بە پارێزگای ماڵاتیا هاووڵاتییان بۆ ئەنجامدانی نوێژی هەینی روویان لە مزگەوتی سۆمونجو بابا کرد و پێکەوە نوێژی بەیانی جەژنیان کرد.
گوتاری جەژنیش تایبەت بوو بە گرنگی قوربانی، جەخت لە برایەتی و پێکەوەژیان کرایەوە و نزا بۆ هەموو جیهانی ئیسلامی کرا.
دواتر هاووڵاتییان جەژنە پیرۆزەیان لەیەک کرد و لەسەر مەزاری سۆمونجو بابا و خولوسی ئەفەندی، نزایان کرد، هەروەها لەلایەن وەقفی خولوسی ئەفەندییەوە خواردن بەسەر نوێژخوێنانی ناو مزگەوتەکە دابەش کرا.
- شانلیئورفا
لە شاری شانلیئورفا کە بە شاری پێغەمبەران ناسراوە، هاووڵاتییان بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە روویان لە مزگەوتەکان کرد، بەهۆی زۆری ژمارەکەشەوە بەشێکیان لەناو مزگەوتەکان جێیان نەبووەوە و لە حەوشەی مزگەوتەکاندا نوێژیان کرد.