Şener Toktaş
10 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2021
بەدلیس - AA
لە کەنار دەریاچەی وان لە قەزای ئەلجەواز سەربە پارێزگای بەدلیس لە ئاکامی ئەو توێژینەوانەی ئەنجامدراون، ميكروبياليت-ی نوێ دۆزراونەتەوە کە لە پێکهاتە و شێوەدا جیاوازن.
ژێردەریاوان و سەرۆکی رێکخراوی کولتوور، هونەر و گەشتوگوزاری ئەلجەواز، جومالی بیرۆل لەگەڵ عەلی ئەتهەم کەسکین کە دەرهێنەرێکی فیلمی دۆکیۆمەنتاریە و لە ئەلجەواز ژێردەریاوانی دەکات، وێنەی ئەو ميكروبياليتانەیان گرت کە لە دەریاچەی وان دۆزراونەتەوە.
مامۆستا لە کۆلێجی بەرهەمە ئاوییەکانی زانکۆی یوزونجویڵی وان، دکتۆر مستەفا ئاکوش لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان، ئاماژەی بەوە کرد کە دەریاچەی وان بە رووبەری سێ هەزار و ٧١٢ کیلۆمەتر چوارگۆشە خاوەنی یەک لەسەر سێی ئیکۆسیستمی دەریای مارمارایە.
مستەفا ئاکوش جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەریاچەی وان لە رووی جۆرێتی ئاو پێشەنگی ئیکۆسیستمی بێ هاوتایە لە جیهاندا و ئاستی هایدرۆجین لە دەریاچەکەدا دەورووبەری ٩،٨ە.
دەرهێنەری فیلمی دۆکیۆمەنتاری، عەلی ئەتهەم کەسکین کە لەسەر بانگهێشتی رێکخراوی کولتوور، هونەر و گەشتوگوزاری ئەلجەواز سەردانی شارۆچکەکەی کردووە، باسی لەوە کرد کە بەمەبەستی وێنەگرتنی ميكروبياليتەکان چوونەتە ژێر دەریاچەکەوە.
گوتیشی: ''لە زۆر ناوچەدا وێنەم گرتووە، بەڵام ميكروبياليتەکانی ئێرە زۆر جیاوازن، وا هەست دەکەیت لە هەسارەیەکی دیکەیت، ئێرە لە ئایندەدا دەبێتە شوێنێکی زۆر جوان بۆ وێنەگرتنی ژێردەریایی و وێنەگرتنی فیلم، پێموایە پشتیوانیەکی باش دەبێت بۆ گەشتوگوزار. ميكروبياليتەکان لە تەنکاییەوە دەست پێدەکەن، تا شەش مەتر رۆیشتین، بە فراوانی شەش تا حەوت مەتر ميكروبياليت هەیە. لە پشتییەوە ناوچەی لمی هەیە، دواتر پلە بە پلە ميكروبياليت هەیە''.
سەرۆکی رێکخراوی کولتوور، هونەر و گەشتوگوزاری ئەلجەواز، جومالی بیرۆل ئاماژەی بەوە کرد کە ماوەی هەفتەیەکە لە قوڵایی دەریاچەی وان-دا، سەرقاڵی وێنە گرتنن و هێشتا زۆر شت هەیە کە لە دەریاچەکەدا نەدۆزراوەتەوە.
جومالی بیرۆل ئەوەشی خستەڕوو کە لە زۆر بواردا بەردەوامن لەسەر کارکردن و گوتی: ''هەرچەند لە دەریاچەی وان-دا کاربکەین کەمە، ئەمڕۆ ميكروبياليتێکمان دۆزییەوە کە لە رووی شێوەوە جیاوازە، لەگەڵ ئەوەشدا لە دەریاچەکەدا سێ ميكروبياليتی جیاوازمان دۆزییەوە، پێویستە خاوەندارێتی دەریاچەکە بکەین. بەردەوام دەبین لەسەر چوونە ناو دەریاچەکەوە و لێکۆڵینەوە دەکرێت لەبارەی ئەو ميكروبياليتانەی دەدۆزرێنەوە''.