Zehra Tekeci
05 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2023
ئانتالیا -AA
لە ئانتالیا لە قوڵایی ٣٠ مەتردا، وێنەی کەشتی فەڕەنسیی سانت دیدییە تۆمار کرا کە لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگیی بەریتانیاوە نوقم کرابوو.

بەرهەمهێنەری فیلمی بەڵگەنامەیی، تەحسین جەیلان بە هاوکاری تیمەکانی مەلەوانی ئاسایشی کەناراوەکان و گەڕان و رزگارکردن، وێنەی کەشتییەکەیان تۆمار کرد کە دەکەوێتە دووری ٥٠٠ مەتر لە کەناراوەکانی بەندەری یاتی لە شاری ئانتالیا و لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا وێنەی کەشتییەکە و پێداویستییە سەربازییەکانی ناوی تۆمارکران.

جەیلان دوای تۆمارکردنی وێنەی کەشتییەکە لە لێدوانێکیدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە سان دیدییە گەورەترین کەشتی نوقمبووە لە تورکیا و گوتی: "لە عەمبارەکانی کەشتییەکەدا تفەنگ، بۆمب و عەرەبانە هەن. هەرچەندە ناوبەناو ئاوەکە لێڵدەبوو، بەڵام توانیمان دیمەنی جوان تۆمار بکەین. لەگەڵ تیمەکانی مەلەوانی ئاسایشی کەناراوەکان و گەڕان و
رزگارکردن چێژمان لەم مەلەوانییەی ژێر دەریا بینی".