Hanife Sevinç,Rewa Mahmut Hasan
26 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2017
ئیستانبوڵ - AA
مامۆستا خەدیجە چەلیک لە تەمەنی هەشت ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی ماشاو (ئاوی سپی) بینایی چاوەکانی لەدەست داوە، بەڵام کۆڵی نەداوە و لە خوێندن و نووسین بەردەوام بووە.
خەدیجە لە نیوەی دووەمی پۆلی دووەمی سەرەتاییەوە بینایی لەدەست داوە و دواتر لە پۆلی سێیەمەوە دەچێتە خوێندنگەی نابینایانی عەنتاب و پاشان ئامادەییش هەر لەوێ تەواو دەکات و کتێبەکانی لە رێگەی دەنگیەوە گوێی لێگرتوون و بە پلەی سێیەم خوێندن تەواو دەکات و دواتر لە زانکۆی قۆنیا سەلجوق بەشی مامۆستای تورکی تەواو دەکات.
خەدیجە چەلیک لە ١٢ ساڵی خزمەتی مامۆستاییدا، پێنج ساڵ وانەی بە منداڵانی ئاسایی گوتۆتەوە و حەوت ساڵە لە خوێندنگەی سەرەتایی و ناوەندی نابینایانی وەیسەل ڤارداڵ وەک مامۆستا بەردەوامە.
ئەو هەرکاتێک کەشوهەوا خۆشبێت دەچێتە کەنار دەریا و کاتەکانی تریشی بە کتێبەوە بەسەر دەبات، هەرکاتێک کتێبی تایبەت بە نابینایانی دەست نەکەوێت لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بەدوای چەندین خولیای تریدا دەگەڕێت.
ئەو حەزی لە موزیکە و ژیانێکی تەواو پڕ لە پرۆگرامی هەیە و کاتەکانی خۆی بە فیڕۆ نادات.
خەدیجە چەلیک بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کاتێک دەبینیت، جیهان جیاوازبوو. لە پڕێکدا چاوەکانم لەدەست دا.کاتێک نموونەی نووسینی هەڵکەنراویان دەخستە بەردەستم وامدەزانی گاڵتەم لەگەڵ دەکەن. لەماوەی دوو مانگدا مامۆستاکە فێری خوێندنەوەی هەڵکەندراوی کردم، هەر لە سایەی ئەو مامۆستایەوە بوو دەستبەرداری ژیان نەبووم و فێربووم".