Rewa Mahmood Hasan
17 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 18 تشرینی یەکەم 2021
سلێمانی-AA
مامۆستایانی وانەبێژ ماوەی دوو مانگە هەفتانە دێنە سەرشەقام و هەڕەشەی بایکۆتی دەوامی خوێندن دەکەن ئەگەر وەڵامیان نەدرێتەوە.
ئەمڕۆ ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لە شاری سلێمانی و لەبەردەم نووسینگەی پەرلەمانی کوردستان لە سلێمانی و بە بەشداری بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ و ئامادەبوونی چەند پەرلەمانتاريکی فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجام درا.
ئەمە لەکاتێکدایە کە مامۆستایانی وانەبێژ ماوەی چەند ساڵێکە لە رێگەی گردبوونەوە و ئەنجامدانی خۆپیشاندانەوە داوای دامەزراندن و هەژمارکردنی ساڵی خزمەتیان دەکەن و تا ئێستاش هیچ وەڵامێک نەدراونەتەوە و ماوەی دوو مانگیشە خۆپیشاندان و چالاکی و گردبوونەوەکانیان چڕ کردۆتەوە و هەفتانە ٣-٤ جار گردبوونەوە و چالاکی دانیشتن ئەنجام دەدەن.
لە گردبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، ئەوە بەدی دەکرا کە زۆرێک لە وانەبێژەکان لەگەل منداڵە ساواکانیاندا هاتبوونە سەرشەقام و داوای دامەزراندنیان دەکرد.
لای خۆیانەوە لە گوتەیەکیاندا بۆ وانەبێژان، هەریەک لە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان، عەلی حەمەساڵح و ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی، هاوڕێ مەلا ستار بەڵێنی ئەوەیان دا بە مامۆستایانی وانەبێژ کە داواکارییەکانیان بگەییەننە نێو پەرلەمان و لەوێوە داوای مافەکانیان بکەن.
گردبوونەوەکە بەبێ هیچ گرژییەک کۆتایی هات.