Heman Hussein Yaseen
28 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2019
هەولێر - AA
لەمیانی ئەنجامدانی کۆنفڕانسی رۆژنامەوانیی وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغلو و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، تیشکخرایە سەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە و هەندێک پرسی تایبەت بە هەردوولا.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی گوتی: "پەیوەندییەکانی ئێمە و تورکیا گرنگ و مێژوویی و ستراتیژین، لە ماوەی کۆبوونەوەکەماندا قسەمان لەسەر نیگەرانییە هاوبەشەکانمان کرد و باسی پەرەسەندنی ناوچەکەمان کرد وهاوڕابووین لەسەر ئاشتی و سەقامگیری. پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان پێویستە بەرەو پیشەوەی ببەین و پەرە بە ئاستی بازرگانیش بدەین".
لە درێژەی قسەکانیدا مەسرور بارزانی گوتیشی: "باسی ئەوەم کرد کە گفتوگۆی جدیمان لەگەڵ بەغدا هەبووە بۆ ئەوەی بگەین بە رێکەوتنێک کە لەکۆتاییدا دەبێتە بەرژەوەندی بۆ ناوچەکە و تەواوی عێراق، ئێمە تێدەگەین کە ئاسایش نیگەرانی هەموولایەنە و بەردەوام دەبین دژی تیرۆریستان و بەداخەوە ئەو دۆخەی ئێستا هەیە لە ناوچەکە دەبێت هەماهەنگی بکەین و چارەسەرێک بدۆزینەوە، سەبارەت بە سووریا قسەمان لەسەر نیگەرانییە هاوبەشەکانمان کرد، لەبارەی گەڕانەوەی پەنابەرەکانیش کە دەبێت لەسەر بنچینەی خۆبەخشی بگەڕێنەوە، نابێت بە هیچ شێوەیەک بە زۆر بگەڕێنەوە بۆ هیچ ناوچەیەک".
لەبارەی پرسیارێکی رۆژنامەوانان لەسەر بارودۆخی شنگال و هەبوونی پەکەکە لە ناوچەکە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی گوتی: "بەداخەوە کۆنتڕۆڵی شنگال لەژێر دەستی ئێمەدا نیە و لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقدایە و ئێمە گوتوومانە لەگەڵ هەبوونی پەکەکە نین لە شنگال و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش".
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا لەبارەی سەردانەکەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا مایک پێنس بۆ هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی گوتی: "سەردانەکە بۆ جەختکردنەوە بوو لەسەر پابەندی ئەمریکا بۆ هەرێم و عێراق و بەرەو پێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کە ئێمە ئەو پەیوەندیانەمان هەیە، هاوکات رۆژی سوپاسگوزاری بوو کە سەردانی هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق کرد".
شایەنی باسە ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، بە یاوەری شاندێک کە پێکهاتووە لە وەزیری ناوخۆی هەرێم رێبەر ئەحمەد و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەفین دزەیی بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتنە ئەنقەرە و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغلو کۆبوونەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیارە کاتژمێر 17:00 لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆببێتەوە.