ئەنقەرە
ئەندام پەرلەمانی بەدەپە لە تورکیا دەمیر چەلیک لەبارەی بڕیارەکانی دادگای چاوپیاخشاندنەوە لە دۆسێی پلانی کودەتای باڵیۆز گوتی: "بێگومان ئەوان نەخشەیان بۆ کودەتایەک کێشابوو. بەڵام دەستبەسەرکردنی سەدان کەس لە پلە جۆراوجۆرەکانی سەربازی و سەیرکردنیان وەک رێکخراوێکی تیرۆرستی و سەپاندنی سزای دەیان ساڵە بەسەر ھەندێکیان، ناھاوسەنگییەک لە بڕیارەکان پیشاندەدات. ئێوە ھێشتا دەستووری ١٢ی ئەیلولتان لانەداوە کە لەلایەن ئەو جەنەڕاڵانەوە نووسراوەتەوە. کەچی بەگوێرەی ئەو دەستوورە جەنەراڵەکان دادگایی دەکەن. ئەوەتان لەچی و ئەمەتان لەچی؟"
چەلیک لە پەرلەمانی تورکیا، بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارێکی لەبارەی رۆڵی ئەردۆغان لەبڕیارەکان دایەوە: "ئەو کارە لێرە تەواونابێ. پێموابێ ئەگەر پێویست بکات، سەرۆکوەزیرانی تورکیا لەبری دادوەر دەسەڵاتەکان بەکاردێنێ و بڕیاردەدا. بەداخەوە ئەوە لە سەرۆکوەزیرانی وڵاتێک ناوەشێتەوە. بەتایبەتی ئەگەر دادگای وڵات بە بێلایەن دابنێ."