Abdullah Shukur
04 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2018
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی کۆبوونەوەی چاوشئۆغڵو و پۆمپیۆ : "ھەردوو وەزیرەکە نەخشە رێگای پەیوەندیدار بە دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری منبج و چاودێریکردنی پێشھاتەکانی ناوچەکە پەسند کرد".
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان چاوشئۆغڵو و پۆمپیۆ لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا راگەیەنراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ھەردوو وەزیرەکە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ جەختیان لەسەر ھاوپەیمانی ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات کردووەتەوە و تێدا راشگەیەنرا:
"ھەردوو وەزیری دەرەوە، چاوشئۆغڵو و پۆمپیۆ ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکانیان لەسەر پرسەکانی ناوچەیی و دووقۆڵی کردووە. ھاوکات جەختیان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ھاوبەشی تیرۆر کردووەتەوە. ھەردوو وەزیرەکە ھەڵسەنگاندنیان لەسەر پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی منبج و کارەکانی گرووپی ھاوبەشی پەیوەندیدار بە سووریا کردووە. لەم چوارچێوەیەش ھەردوو وەزیرەکە نەخشە رێگایەکی پەیوەندیدار بە پرسەکەیان پەسند کردووە و بەڵێنی خۆیان لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و چاودێریکردنی پێشھاتەکان لە نزیکەوە کردووە".
ھەر لە راگەیەنراوەکە ئاماژە بەوەش کراوە کە ھەردوو وەزیرەکە باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسەکانی دیکە کردووەتەوە. لە راگەیەنراوەکەدا زیاتر ھاتووە:
"ھەردوو وەزیری دەرەوی چاوشئۆغڵو و پۆمپیۆ تاوتوێی پەیوەندی نێوان تورکیا و ئەمریکا و کارەکانی گرووپی کارکردنی ھاوبەش کردووەتەوە. لە دوای کۆبوونەوەی ھەردوو وەزیرەکەش، کۆبوونەوەی گرووپی ھاوبەشی کارکردن لەسەر چەند پرسێکی جیاواز دەستیپێکردووە".