Sarp Özer
14 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 15 ئاب 2020
کۆجایلی - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا خولوسی ئاکار رایگەیاند، "لێدوانی وڵاتێکی ھاوپەیمان کە ھیچ پەیوەندییەکی بە ناوچەکەوە نییە لەبارەی زیادکردنی ھێزی سەربازیی خۆی لە رۆژھەڵاتی دەریای سپی ، لەگەڵ گیانی ھاوپەیمانێتی یەکناگرێتەوە".
خولوسی ئاکار بە یاوەری سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا، یاشار گولەر و فەرماندەی ھێزەکانی وشکانی، ئومید دوندار و فەرماندەی ھێزەکانی ئاسمانی، حەسەن کوچوکئایواز و فەرماندەی ھێزەکانی دەریایی، عەدنان ئۆزبال، فەرماندەیی کەشتیگەلی تورکیای بەسەرکردەوە.
ئاکار لە ناوەندی جموجۆڵی فەرماندەیی کەشتیگەلی تورکیا، زانیاری پێویستی لەسەر چالاکییەکان وەرگرت و بە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە گفتوگۆی لەگەڵ ئەو ھێزانە کرد کە لە دەریای ئیجە و رۆژھەڵاتی دەریای سپی یاوەری کەشتی گەڕان و ھەڵکۆڵینی تورکیا "ئۆرۆچ رەیس" دەکەن.
ئاکار رایگەیاند کە دەوڵەتی کۆماری تورکیا چاوی لە خاکی کەس نییە و رێز لە یەکپارچەیی خاک و سیاسی دراوسێکانی دەگرێت.
خولوسی ئاکار گوتی: "لێدوانی وڵاتێکی ھاوپەیمان کە ھیچ پەیوەندییەکی بە ناوچەکەوە نییە لەبارەی زیادکردنی ھێزی سەربازیی خۆی لە رۆژھەڵاتی دەریای سپی ، لەگەڵ گیانی ھاوپەیمانێتی یەکناگرێتەوە".
وەزیری بەرگریی تورکیا راشیگەیاند "ھەر دەستوەردانێک (ھێرشێک) بۆ سەر کەشتییەکانمان بێ وەڵام نەماوەتەوە، ناشمێنێتەوە. دەمەوێت ھەموو کەسێک ئەوە بزانێت کە لەم پرسە زۆر پێداگرین".
ئاکار جەختی لە پاراستنی مافەکانی تورکیا کردەوە و گوتی: "لە داھاتووشدا پێداگر دەبین لەسەر پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانمان و ئەنجامدانی کاری پێویست لە ناوچە دەریایەکانماندا، ھاوکات توانای ئەمەشمان ھەیە".