ئەنقەرە
وەزیری بەرگریی (عیسمەت یەڵماز) بەوجۆرە پەسنی بەشی کوردی ئاژانسی ئانادۆڵو دەدا " زمانی کوردی وەک خونچەی پشکوتووی گوڵە، کردنەوەی ئەو بەشە لەئاژانسی ئانادۆڵو پێویستییەکی دیموکراسییە گرنگە بۆ بەردەوامیی پێکەوە ژیان. ئێمە دەمانەوێ چیاکانمان بەھەزاران خونچەی پشکوتوو دابپۆشرێ. ئەو پەخشە کوردییە ببێ بە یەکێ لەو خونچانە. ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم".
وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی (فاروق چەلیک) لەبارەی بەشی کوردی ئانادۆڵو گوتی"ھاووڵاتییانمان چۆن لەسەریان پێویستە زمانی تورکی فێربن، بەو جۆرەیش دەبێ گرنگی بە زمانی دایکی ھەر تاکێک بدرێ. من لەمڕوانگەیەوە پەخشی کوردی بە گرنگ و پڕبایەخ دەنرخێنم. باوەڕیشم بە سەرکەوتنی ئاژانسی ئانادۆڵو ھەیە لەو ھەنگاوە ".
وەزیری پەروەردە (نابی ئاڤجی) ئاژانسی ئانادۆڵوی بە پردی پێکبەستنەوەی نێوان تورکیا و جیھانی دەرەوە ناوبردو گوتی " پەخشی کوردی بۆگەیاندنی دەنگی ئێمەیە بەناوچە کوردنشینەکان ھەنگاوێکی گرنگە. ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم".
وەزیری سامانە سروشتییەکان (تانەر یلدز)یش بەو جۆرە قسەیکرد "ئەوە خۆشکردنی زەمینەیە بۆ لە یەکترگەیشتن و یەکتر لەباوەشگرتن. لەناخی دڵمەوە پیرۆزباییتان لێدەکەم. بەڕاستی ئەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ئەم قۆناغە".
وەزیری پەرەپێدان (جەودەت یەلماز) گوتی "پارتی دادو گەشەپێدان ھەموو تواناکانی خۆی بەکاردێنێ بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی. دانانی زمانی کوردی لەقوتابخانەکان و کردنەوەی پەخشی TRT٦ بەڵگەیەکی پشتڕاستکەرەوەیە بۆ ئەم قسەیە. دووبارە پیرۆزبایی لە ئاژانسی ئانادۆڵو دەکەم بۆ دەستپێکردنی پەخشی زمانی کوردی".