Mesut Varol
07 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2021
وان - AA
دیواری ئەمنیی سنووری تورکیا لەگەڵ ئێران کە لە قەزای چاڵدێران سەربە پارێزگای وان باشووری خۆرھەڵاتی تورکیا دروست دەکرێت، ٢٠ کیلۆمەتری تەواوبووە.
بە مەبەستی رێگریکردن لە پەڕینەوەی نایاسایی، کاری قاچاغچێتی و دزەکردنی تیرۆریستان ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە پارێزگای وان کە درێژترین سنووری تورکیا لەگەڵ ئێران دەکەوێتە ئەو پارێزگایەوە، سەرجەم رێوشوێنێکیان گرتووەتەبەر و بەو دەورییانەی بەردەوام بە زرێپۆش ئەنجامی دەدەن، ھێڵی سنوور کۆنترۆڵ دەکەن.
لەو بەشەی سنووری تورکیا لەگەڵ ئێران کە بەردەوام لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تاوەرەکانی چاودێرییەوە کۆنترۆڵ دەکرێت، کۆچبەرانی نایاسایی کە ھەوڵ دەدەن سنووری تورکیا ببەزێنن دەستگیردەکرێن و رادەستی ناوەندی گەڕاندنەوەی سەربە فەرمانگەی کۆچی پارێزگاکە دەکرێن.
بە مەبەستی رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی، دروستکردنی ئەو دیوارە ئەمنییە بەردەوامە کە لە قەزای چاڵدێران-ەوە بەرەو قەزاکانی بایەزید سەربە پارێزگای ئاگری و یۆکسەکۆڤا سەربە پارێزگای ھەکاری درێژدەبێتەوە.
پارێزگاری وان، ئەمین بیلمەز لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە کارەکانی دروستکردنی دیوار، ھەڵکەندنی خەندەق، راکێشانی تەلی دڕکاوی و دانانی تاوەری نوێی چاودێریی لەسەر سنووری تورکیا لەگەڵ ئێران درێژەی ھەیە.
ئەمین بیلمەز باسی لەوەیش کرد کە دروستکردنی ئەو پارچە کۆنکرێتیانەی کە لە بنیاتنانی دیوارە ئەمنییەکەدا بەکار دەھێندرێن تەواو بووە و گوتی: "لە ساڵی رابردووەوە تا ئێستا، ١٠٤ تاوەر دروستکراون، دروستکردنی دوو بنکەی پۆلیس بەردەوامە، ١٧٥ کیلۆمەتر خەندەق ھەڵکەندراوە و ٦٤ کیلۆمەتر دیوار بە سێ قۆناغ دروست دەکرێت. لەئێستادا دروستکردنی ٢٠ کیلۆمەتر دیوار تەواوبووە".