Fahrettin İbrahim
13 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2019
برۆکسل - AA
پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا پڕۆژە بڕیارێکی پەسەند کردووە کە بە پێی ئەو، پرسی دانوستانەکان بۆ ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەورووپای هەڵپەساردووە.
پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا راپۆرتی نوێنەری هۆڵەندا کاتی پیری کە داوایکردبوو پرسی دانوستانەکان بۆ ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەورووپا هەڵپەسيردرێ، بە 370 دەنگی ئەرێنی بەرامبەر 109 دەنگی نەخێر، پەسەند کرد.
راپۆرتەکە کاردانەوەی تورکیای لێکەوتەوە. لەم راپۆرتەدا رەخنە لە سیاسەتەکانی تورکیا گیراوە سەبارەت بە بەشی یۆنانییەکەی قوبرس و داواکراوە کە تورکیا کۆتایی بهێنێت بە بوونی سەربازیی خۆی لەو دوورگەیە.
لە راپۆرتەکەدا وێرای ستایشکردنی رۆڵی تورکیا لە بەرامبەر پەنابەران، هاوکات نیگەرانی دەرکراوە لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو وڵاتە لە باکووری سووریا.
هەروەها پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا توندوتیژییەکانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەی لە تورکیا بە توندی ئیدانە کردووە و ئاماژەی بە جێگیربوونی ئەو رێکخراوەیە لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی یەکێتییەکە لە ساڵی 2002وە کردووە.