Ahmet Alp Özden,İsmail Çimen
26 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2021
پەرلەمانی تورکیا – AA
یاداشتنامەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بۆ درێژکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرکۆمار بۆ ناردنی سوپای تورکیا بۆ عێراق و سووریا و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەودیو سنوور لە کاتی پێویستدا لەو دوو وڵاتە بۆ ماوەی دوو ساڵ، لە ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا بە دەنگی "بەڵێ"ی ئاک پارتی، مەھەپە و ئییی پارتی لە بەرامبەر دەنگی "نەخێر"ی جەھەپە و ھەدەپەدا پەسەند کرا.
لە یاداشتنامەکەی ناردنی سوپای تورکیا بۆ عێراق و سووریادا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەو پێشھاتانەی کە لە ناوچەکانی نزیک سنوورە وشکانییەکانی باشووری تورکیا روودەدات و ئەو پێکدادانەی کە ھەیە بەردەوامە لە زیادکردنی ھەڕەشە و مەترسی بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە.
یاداشتنامەکەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، کە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تورکیا گرنگییەکی گەورە بە یەکپارچەیی خاکی عێراقی دراوسێ، یەکێتی نیشتمانی و پاراستنی سەقامگیریی دەدات و تێیدا ھاتووە: "لەلایەکی دیکەوە، بەردەوامی ھەبوونی چەکدارانی پەکەکە و داعش لە عێراق، ھەوڵەکانی جیاکاری لەسەر بنەمای رەگەز، ئاشتی ناوچەیی، لە نزیکەوە ھەڕەشە بۆسەر سەقامگیریی و ئاسایشی وڵاتەکەمان دروستدەکات. رێکخراوەکانی تیرۆر لە سەروویانەوە پەکەکە/پەیەدە-یەپەگە و داعش کە لە ناوچە نزیکەکانی سنوورمان لە سووریا بەردەوامی بەبوونی خۆیان دەدەن، چالاکییەکانیان لە بەرامبەر وڵاتەکەمان، ئاسایشی نیشتمانیمان و مەدەنییەکان بەردەوامە".
- یاداشتنامەی ئیدلب
یاداشتنامەکە سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە،پەیەدە- یەپەگە، بەردەوامن لە چالاکییە جوداخوازییەکانیان لە سووریا و باس لەوە دەکات کە تورکیا بەمەبەستی پاراستنی ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی کە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بنیات نراوە، لە چوارچێوەی بەرژەوەندی رەوای نیشتمانیی رێکاری پێوست گیراوەتەبەر.
یاداشتنامەکە، جەختی لەوەش کردووەتەوە کە چالاکییەکانی ھەڕەشە و مەترسی بۆسەر ئەو سەقامگیریی و ئاسایشەی کە لە چوارچێوەی پێواژووی ئاساتانا لە ئیدلب بنیات نراوە بەردەوامە و تێیدا ھاتووە: "لە چوارچێوەی سەرجەم ئەم پێشھاتانەدا، لە دژی تێکدانی یەکپارچەیی خاکی عێراق و سووریا لە رێگەی تیرۆر و درووستکردنی ئەمری واقیعێکیی ناشەرعی لەسەر ئەرز، گرنگییەکی ژیانیە بۆ ئاسایشی نیشتمانیمان کە رێکاری پێویست بگرینەبەر بە شێوەیەک بگونجێت لەگەڵ ئەو مافانەمان کە لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا ھەیە لە دژی سەرجەم ئەو مەترسیی و ھەڕەشە و کردەیەی کە ھەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانیمان درووستدەکات".