Mazın Asad
27 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2017
ئەنقەرە - AA
بەپێی راگەیەندراوێکی ناوەندی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئەردۆغان بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی فەرماندەیی ھێزەکانی زەمینی وڵاتەکەی، پەیامێکی ئاراستەی فەرماندەی فەرماندەیی ھێزەکانی زەمینی جەنەراڵ ساڵح زەکی کرد.
ئەردۆغان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە فەرماندەیی ھێزەکانی زەمینی بناغەی سوپای تورکیا پێکدەھێنێت و راشیگەیاند بە بۆنەی ساڵیادی دەمەزراندییەوە پیرۆزبایی لێدەکەین.
سەرکۆماری تورکیا بە شانازییەوە باسی لە فەرماندەیی ھێزەکانی زەمینی کرد و جەختی لەوەش کردەوە کە فەرماندەییەکە کاریگەرترین ھێزە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و بەرژوەندییە نیشتمانییەکان و گوتیشی: "فەرماندەیی ھێزەکانی زەمینی بە دیسیپلین، بوێری و پەیوەیستبوون بە بەھا میللی و مەعنەوییەکان و کارمەندە ماندوونەناسەکانیان، متمانەی ئاسایش و ئاسوودەیی وڵاتە. بەھۆی ئەو ئەرکانەی لە ناوچە جیاوازەکانی جیھان جێبەجێکردووە، لە بونیاتنانی ئاشتی ناوچەیی و جیھان سوودێکی زۆری بەخشیوە".
ھەر لە پەیامەکەیدا ئەردۆغان رایگەیاند: "فەرماندەیی ھێزەکانی زەمینی بناغەی بەرەنگاربوونەوەی دژی تیرۆر پێکدەھێنێت و پێموایە ئەرک و بەرپرسیارێتیان لە داھاتووشدا درێژەی پێدەدەن".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئەردۆغان گوتی: "بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی فەرماندەیی ھێزەکانی زەمینی، پیرۆزبایی لە کارمەندانی ماندوونەناسی دەکەم و رەحمەت بۆ گشت شەھیدان دەنێرم".