Zana Natık Kerem
27 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2019
بەغدا ــ AA
سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی ئەنجامدا.
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق راگەیەندراوێكی لەبارەی ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا بڵاوكردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، وێرای تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و توركیا، هەروەها گفتوگۆكراوە سەبارەت بە هاوكارییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات بە تایبەتیش لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو كە هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پاڵپشتی خۆی بۆ یەكپارچەیی و سەقامگیری عێراق لەگەڵ گەشەپێدان بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات لەسەرجەم بوارەكاندا دووپاتكردووەتەوە و راشیگەیاندووە كە پاڵپشتی لە هەوڵەكانی حكوومەتی عێراق دەكات بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران.
هەروەها سەركۆمار رجەب تەیب ئەردۆغان ستایشی ژێری و دان بەخۆداگرتن و ئەو شێوازەی حكوومەتی عێراقی كردووە كە لە مامەڵكردن لەگەڵ خۆپیشاندەراندا پەیڕەوی دەكات و هەروەها باسی لە گرنگی سەپاندنی سیستەم و یاسا و هەروەها گوێگرتن لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەراندا كردووە.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی رەوشی ئێستا بەتایبەتیش ئەو خۆپیشاندانەی كە لە وڵاتەكەی ئەنجام دەدرێن بۆ سەركۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان روونكردووەتەوە و باسی لەوەشكردووە لەڕێگەی ئەو مامەڵەكردنەی كە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بەكار دەهێندرێت، كەسانی تێكدەر لە خۆپیشاندەران جیا دەكرێتەوە كە پەنا بۆ توندوتیژی دەبن و هێرش دەكەنە سەر هێزە ئەمنییەكان و ترس و تۆقاندن لای هاووڵاتییان دروست دەكەن.
هەروەها عادل عەبدولمەهدی جەخیتكردووەتەوە لەسەر ئەوەی شانازی بە پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ توركیا دەكات و راشیگەیاندووە كە خواستی هەیە پەرەی زیاتر بە هاوكارییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات بدا تبە ئامانجی بەدیهێنانی سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
سەرۆكوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی جەختی لەوەش كردووەتەوە كە بە جددی هەوڵ دەدات، چاكسازی ئەنجام بدات كە گەلی وڵاتەكەی چاوەڕوانی دەكات.