واشنتۆن
لەمیانەی باسکردن و ئاشکراکردنی بودجەی ئەمریکا باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەیەکی کتوپڕ ئاشکرایکرد لەگەڵ حەسەن رۆحانی سەرکۆماری ئێران کۆبووتەوەو وەزیری دەرەوەی ئەمریکایشی راسپاردووە ھەوڵە دیپلۆماسییەکانی بخاتە گەڕ بۆ بەردەوامیدان بە پەرەپێدانی پەیوەندیی ھەر دوو وڵات.
ئۆباما ئاشکرایکرد رۆژی ھەینی (٢٧ی ئەیلول) لەنیویۆرک لەگەڵ وەزیری دەروەی ئێران ونوێنەرانی یەکێتی ئەوروپاو بەریتانیا، فەرەنسا، روسیا، چین دا کۆبوونەوەی گرنگی ئەنجامداوە.
ھەروەک ئاشکراشیکرد لە پێناو زیاتر کاراکردنی کارەکانی کۆبوونەوەی ووڵاتانی ٥+١ لەگەڵ حەسەن ڕۆحانیدا راسپاردەی تەواویان دەرکردووە.
ئۆباما جەختیکردەوە ئەمریکا بەردەوام دەبێ لەپاراستنی ھاوپەمانێتی لەگەڵ ئیسرائیل و ھاوپەیمانەکانی دیکەیان لەناوچەکەدا.
ئۆباما لەبارەی ئێران و ئەمریکا گوتی "ئێمە ھەست بەئاستەنگی بەردەممان دەکەین، ئەنجامدانی پەیوەندیی تەلەفۆنی لە نێوان سەرکردەی دوو وڵاتدا لەدوای ساڵی ١٩٧٩ ئاماژەیە بۆ نەبوونی متمانە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا ئەمە ئاماژەیەکە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی ناڕەحەتیەکان لە پەیوەندییەکانماندا".
ئۆباما ئاماژەی دا بە فتوای حەرامکردنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن (ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی) رابەری ئێران و گوتی " رۆحانیش رایگەیاندووە وڵاتەکەی ھەرگیز بەنیاز نییە چەکی ناڤۆکی بەرھەم بێنێ، لەکاتێکدا ئێران ئەم بەڵێنانە بدات ئەوا ئێمەش ڕێز لە ھەوڵەکانی بەرھەمھێنانی وزەی ئەتۆمی دەگرین".
ئۆباما ئاشکرایکرد ھەندێک ئاسانکاریی بۆ کەمکردنەوەی سزای ئابووریی لەسەر ئێران دەکرێ، لەو بارەیەوە ھەوڵی تەواو ھەیە کە بە شێوەیەکی شەفاف سزاو ئابڵوقەی نێودەوڵەتی کەمبکرێنەوە.
ئۆباما ھەروەھا گوتی " ئێران لە ناوچەکەدا رۆڵی دەبێ بۆ پاراستنی ئاشتی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و ئێران ھەوڵێکی لەبار دەبێ تاکو ئێران لەگەڵ وڵاتانی دیکە پەیوەندییەکانی پەرە پێبدا و ببێتە ھۆکارێکیش بۆ زیاتر بەرقەرار کردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا".
سەرۆکی ئەمریکا ھەروەھا سوپاسی سەرکۆماری ئێران و ئێرانییەکانی کرد.