Mazın Asad
07 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2016
ئەنقەرە
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گوتی: "رووبەڕووبوونەوەی گرووپە تیرۆریستیەکان و سەرکەوتن بەسەریاندا بۆ ئێمە ئاسانە. بەڵام ئەوەش دەزانین کە ئەو پەکەکە-یەی بەرامبەرمانە تەنھا ئەو ٣ تا ٥ ھەزار تیرۆریستە نین. داعش کە دژمانە تەنھا ئەو ژمارەیە نین کە ھەن. رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ تەنیا ئەو ناپاکانە نین کە دەبینرێن، بەڵکو لەپشت ئەمانەوە ھێزی جیاواز و پشتگیری و پرۆژەی جیا ھەن".
ئەردۆغان لە رێوڕەسمی کردنەوەی وێستگەکانی کارەبا لە ناوەندی کولتوور و کۆنگرەی پێشتەپە، گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە تورکیا وڵاتێکە بە کردەوەکانی تیرۆر و رێکخراوانی تیرۆریستی و ناپاکەکان لە ئامانجەکانی دوورناکەوێتەوە و گوتیشی: "رووبەڕووبوونەوەی گرووپە تیرۆریستیەکان و سەرکەوتن بەسەریاندا بۆ ئێمە ئاسانە. بەڵام ئەوەش دەزانین کە ئەو پەکەکە-یەی بەرامبەرمانە تەنھا ئەو ٣ تا ٥ ھەزار تیرۆریستە نین. داعش کە دژمانە تەنھا ئەو ژمارەیە نین کە ھەن. رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ تەنیا ئەو ناپاکانە نین کە دەبینرێن، بەڵکو لەپشت ئەمانەوە ھێزی جیاواز و پشتگیری و پرۆژەی جیا ھەن".
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە لەگەڵ دەستپێکردنی کردەوەکانی پەکەکە لە ساڵی ١٩٨٤ بۆ سەر تورکیا تا ئێستا، چەکدارانی پەکەکە لە رووی ژمارەیانەوە بە لایەنی کەمەوە شەش تا حەوت بەقەد ئێستا کوژراون و گوتیشی: "بەڵام ھێشتا پەکەکە ماوە، چونکە ژمارەیەک ھێز نایانەوێت ئەم رێکخراوە کۆتایی پێ بێت و نایانەوێت وڵاتەکەمان بە ئاسوودەیی و سەقامگیری یەکجارەکی شاد بێتەوە. کارەکانی تیرۆری پەکەکە ھیچ ھۆکار و پاساوێک نییە کە بە ناوی برا کوردەکانم دەکرێت. بە پێچەوانەوە کاردانەوە و نەفرەتی و بەرھەڵستکاری برا کوردەکانم بەرامبەر بە رێکخراوی تیرۆریستی لە ھەموومان زیاترە، چونکە ئەم رێکخراوە زۆرترین خوێنڕێژی دەرھەق بە برا کوردەکانم کردووە. سەرنجتان رادەکێشم کە پەکەکە لە مێژووی خۆیدا توندترین ھێرشی لەم قۆناغە ئەنجام داوە. رێکخراوی داعشیش بە بێ ھیچ ھۆکارێک بەردەوام لە ھەوڵی ھێرشدایە بۆ سەر وڵاتەکەمان. ئەمانە بە کردار لە نزیک و دوورەوە ھیچ پەیوەندییەکیان بە ئیسلامەوە نییە. ھاوکات رێکخراوانی وەک دھکپج دەرفەتەکان بۆ ئەنجامدانی ھێرش بۆ سەر ناوچە و شارەکانمان دەقۆزنەوە کە لەکاتێکدا وڵاتەکەمان ھیچ پەیوەندییەکی بە تیرۆرەوە نییە. چەتە ناپاکەکانی فەتۆش لە چوار لای جیھانەوە گشت سەرچاوەکانی دژی وڵاتەکەمان بەکار دەھێنێت. تایبەتمەندی گشت ئەم چالاکییانە کە تەنانەت ھیچ سوودی بۆیان نییە، تەنھا و تەنھا بۆ دروستکردنی کێشەکانە لە وڵاتەکەمان".
سەرکۆماری تورکیا لە درێژەدا گوتیشی: "ژمارەیەکی زۆری وڵات دژی تورکیایە. سیاسەتی دوژمنایەتی پەیڕەو دەکەن. دەیانەوێت تورکیا گەشە نەکات و نەگاتە ئاستی شارستانییەتی ھاوچەرخ. بەڵام ئەمانە بیانەوێت یان نەیانەوێت، تورکیا دەچێتە سەرووی ئاستی شارستانییەتی ھاوچەرخ".
ئەردۆغان ئاماژەی بە پشتگیریکردنی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ تیرۆر کرد و لەوبارەیەوە گوتی: "با رۆژئاوا بە ئارەزووی خۆی تیرۆریست لە شارەکانی نیشتەجێ بکات و بە ئاسایی رێگە بە ھاتوچۆیان لە شارەکان بدات. ھەرچییەک دەکەن با بیکەن، بەڵام وەک بومیرانگ رۆژێک دەگەڕێنەوە و لەوانیش دەدەن. ئێمە ھەزار ساڵە لەم جوگرافیاییە بەسەر چەندین کێشەدا زاڵبووین و رووبەڕووی کێشەی زۆر گەورە بووینەوە. ھەروەک دەبینرێت ھەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووز، بە پشتیوانی خودا و قارەمانێتی گەلەکەمان شکستی ھێنا. پەنا بۆ خوا گەلی تورک لەمەودواش رووبەڕووی ھەموو جۆرە ھێرشێک دەبێتەوە و بە پووچەڵکردنەوەی تەلەکان درێژە بە رێگەکەمان دەدەین. ئەوانەی ئەمڕۆ باوەش بە رێکخراوانی تیرۆر دەدەن و چەکیان پێ دەدەن، ئیتر پێویست ناکات بیشارنەوە. ناونیشانی ھەموو ئەو شوێنانە دەزانین کە چەکیان پێدەدەن".
سەرکۆماری تورکیا لە کۆتایی قسەکانیدا ھەروەھا گوتی: "پەیەدە رێکخراوێکی تیرۆریستییە، باڵێکی پەکەکەیە، باڵێکی یەپەگەیە. لەکاتێکدا ئەمە روون و ئاشکرایە، ئێوە ھێشتا پشتگیریان دەکەن و ھەڵوێستێکی ساویلکانە دەخەنەڕوو و دەڵێن، رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بە رێکخراوێکی تیرۆریستیی دیکە لەناودەبەین. لەم جیھانەدا ھیچ کەس بەمە ھەڵناخەڵەتێت. سبەی رزگاریشیان نابێت لە بوونە ئامانجی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییانە".