Mazın Asad
12 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2016
ئەنقەرە - AA
جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا، نومان کورتوڵموش" :لەبارەی ئەلبابەوە بە دوا خاڵ گەیشتووین. لەوبارەیەوە چواردەوری شارەکە گیراوە و ئامادەکاریی بۆ تەواوکردنی ئۆپەراسیۆن دەکرێت. ھیواخوازم لە ماوەیەکی کورتدا قۆناغی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەلباب تەواو ببێت".
کورتوڵموش دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، روونکردنەوەی دا.
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا لەبارەی ھێرشە تیرۆریستییەکانی ئیستانبوڵ گوتی: "بەئەرێنیەوە دەڕوانینە ئەو پاڵپشتییانەی کە لەلایەن دۆستانمان خراونەتە روو، داوا لەو وڵاتانە دەکەم کە پەیامی پاڵپشتییان بۆ تورکیا ناردووە بەردەوام بن لە پشتگیریی کردنمان لە بەرەنگاربوونەوە لە دژی تیرۆر".
کورتوڵموش گوتیشی: "ئامانجی رێکخراوەکانی تیرۆریستی بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێیە. بەم پێیەش دەیانەوێت گەل دەستەوەستان بکەن. پێویستە ھەموو کەسێک ئەوە بزانێت کە تاکو ئێمە ئەم ھەڵوێستە نەتەوەییەمان ھەبێت، رادەستی سیاسەتی ترس و شلەژان نابین. بەھیچ شێوەیەک لە تیرۆر نابوورین و ھەمیشە لە بەرامبەریان وەڵاممان دەبێت".
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە درێژەدا راشیگەیاند: "لەبارەی ئەلبابەوە بە دوا خاڵ گەیشتووین. لەوبارەیەوە چواردەوری شارەکە گیراوە و ئامادەکاریی بۆ تەواوکردنی ئۆپەراسیۆن دەکرێت. ھیواخوازم لە ماوەیەکی کورتدا قۆناغی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەلباب تەواو ببێت".
کورتوڵموش ھەروەھا گوتی: "ئەگەر دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە سووریا دوا بکەوێت ئەوا پێشنیاری تورکیا ئەمەیە، وڵاتانی ئەورووپا، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، وڵاتانی ناوچەکە، تورکیا ھەموویان بە ئاڵای خۆیان بێن و کاروانێکی ھاوکاری مرۆیی پێکبھێنین. بە زووترین کات ئەم ھاوکارییانەش بدرێتە خەڵکی شاری حەلەب کە لە ئێستادا پێویستییەکی زۆریان بە هاوکاریی مرۆییە".