Abdullah Shukur,Mazın Asad
11 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2016
مینسک
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "ھیوادارام ھەڵوێستی لێبووردەیی و باوەشگرتنی گشت ناسنامە جیاوازەکان لەلایەن لوکاشێنکۆوە ببێتە نموونەیەک بۆ ئەو کەسانەی کە ھەمیشە ھەوڵی ئەوە دەدەن وانەی مرۆڤایەتی بە ئێمە بدەن".
لە دوای کۆبوونەوەی شاندی ھەردوو وڵات لە کۆشکی سەربەخۆیی، سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرکۆماری بیلاڕووسیا ئالێکساندەر لوکاشێنکۆ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان رێکخست.
ئەردۆغان رایگەیاند کە کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و نێوان شاندەکە زۆر بەباشی بەرێوەچووە و لە کۆتایشدا واژوویان لەسەر نۆ رێکەوتن و بەلاغی کۆتایی کردووە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا کە ئەمە یەکەم سەردانی فەرمییەتی بۆ بیلاڕووسیا و بەم پێیەش باسی گشت رەھەندەکانی ھەماھەنگی دووقۆڵیان کردووە. گوتیشی: "ئەمە دەستپێکی نوێیە. لەم کۆبوونەوەیەدا دەرفەتی ئەوەمان ھەبوو کە باسی بابەتەکانی ناوچەکە و جیھان بکەین".
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە واژووکردنی بەلاغی کۆتایی دەبێتە نەخشە رێگایەک بۆ داھاتووی پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات. ئاشکراشی کرد کە وەزیرانی ھەردوو وڵات چەندین رێککەوتنیان لە بوارەکانی سیاسی، کشتوکاڵ، وزەی ناوەکی، بازرگانی و پەروەردە واژوو کردووە.
سەرکۆماری تورکیا راشیگەیاند لە چارەگی یەکەمی ٢٠١٧دا کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی ئابووری هاوبەشی نێوان حکوومەتی ھەردوو وڵات بەڕێوە دەچێت.
ئەردۆغان کردنەوەی مزگەوتی بلاڕووس مینسکی وەبیرھێنایەوە و روونیشی کردەوە کە ئەو مزگەوتە سیمبۆلی دۆستایەتی نێوان ھاووڵاتیان و ھەردوو وڵاتە و گوتیشی: "مانەوەی ئەو مزگەوتە تاوەکو ئەمڕۆ کە مێژووەکەی بۆ نیو سەدە دەگەڕێتەوە، مانایەکی زۆر گرنگی ھەیە".
سەرکۆماری تورکیا لە درێژەدا گوتیشی: "دروستکردنی مزگەوتی مینکس لە سەردەمێکدا کە ھێرشکردنە سەر پەرستگاکان و جیاکاری لە نێوان ئایین و کولتوورە جیاوازەکان لە ئەورووپا گەیشتووەتە لوتکە، مانایەکی گرنگی ھەیە. ھیوادارم کە ھەڵوێستی لێبوردەیی و باوەشگرتنی گشت ناسنامە جیاوازەکان لەلایەن لۆکاشێنکۆوە ببێتە نموونەیەک بۆ ئەو کەسانەی کە ھەمیشە ھەوڵی ئەوە دەدەن وانەی مرۆڤایەتی بە ئێمە بدەن. ئەوانەی بەردەوامە دەیانەوێت وانەی دیموکراسی، لێبوردەیی و مافەکانی مرۆڤ بە ئێمە بدەن، کەچی خۆیان لەو ھەنگاوانەی دەینێن، مافەکانی مسوڵمانان سنووردار دەکەن و بۆیە ھیواخوازم وانەی پێویست لەمە وەربگرن".
ئەردۆغان لە کۆتایی قسەکانیدا بەھۆی ھەڵوێستی لۆکاشێنکۆ لەبارەی گەشەسەندنی کاری ھاوبەش لە نێوان بیلاڕووسیا و تورکیا، ستایشی ناوبراوی کرد.