Ertuğrul Subaşı
12 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2020
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە رێککەوتنی ئازەربایجان و ئەرمینیا رایگەیاند ''تورکیا لەگەڵ رووسیادا لە هێزی ئاشتییپارێزی هاوبەشدا دەبێت لە ناوچەکەدا بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە. بەیانی ئەمڕۆ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەبارەی ئەو ناوەندە هاوبەشەی تورکیا-رووسیا واژووکرا کە دروستی دەکەین بۆ کۆنترۆڵکردن و چاودێریکردنی ئاگربەستەکە. ئەم ناوەندە لەسەر ئەو خاکە دروست دەکرێت کە ئازەربایجان لە داگیرکاری رزگاریکردوون و تیایدا هەموو ئەو رێوشوێنانە دیاریی دەکرێن کە بۆ رێگریکردن لە پێشێلکاری ئاگربەستەکەی قەرەباغ دەگیرێنەبەر''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتارێکیدا کە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا پێشکەشی کرد، پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئازەربایجان کرد بەبۆنەی رزگارکژردنی قەرەباغ-ەوە و گوتی:
''بەبۆنەی تەواو رزگارکردنی قەرەباغ و خاکە داگیرکراوەکانەوە، پیرۆزبایی لە هەموو خوشک و برایانمان لە ئازەربایجان دەکەم بەتایبەتی دۆستی بەڕێزم، ئیلهام عەلیێڤ''. ئەوەشی خستەڕوو کە بەپێی ئەو رێککەوتنەی کراوە، ئەو خاکانەی ئازەربایجان کە هێشتا کۆنترۆڵ نەکراون لەگەڵ ئەو بەشانەی قەرەباغ کە دەمێننەوە دەدرێتەوە بە ئازەربایجان.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە بەپێی رێککەوتنەکە، ئەرمینیا تا ١٥ی تشرینی دووەم کەلەبەجەر رادەستی ئازەربایجان دەکات، تا ٢٠ی تشرینی دووەم پارێزگای ئاغدەم و تا یەکی کانوونی دووەمیش لاچین رادەست دەکات و گواستنەوە و گەیاندن لەنێوان ئازەربایجان و کۆماری خۆبەڕێوەبەری نەخچیڤان دەکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش رێگایەک دروست دەکرێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە لەنێوان ئەرمینیا و هانکێنت رێڕەوێکی گواستنەوە و گەیاندن دەکرێتەوە و ئەو ئازەربایجانیانەی دوای داگیرکاری ئاوارەبوون لەژێر چاودێری کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەران سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: ''تورکیا لەگەڵ رووسیادا لە هێزی ئاشتییپارێزی هاوبەشدا دەبێت لە ناوچەکەدا بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە. بەیانی ئەمڕۆ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەبارەی ئەو ناوەندە هاوبەشەی تورکیا-رووسیا واژووکرا کە دروستی دەکەین بۆ کۆنترۆڵکردن و چاودێریکردنی ئاگربەستەکە. ئەم ناوەندە لەسەر ئەو خاکە دروست دەکرێت کە ئازەربایجان لە داگیرکاری رزگاریکردوون و تیایدا هەموو ئەو رێوشوێنانە دیاریی دەکرێن کە بۆ رێگریکردن لە پێشێلکاری ئاگربەستەکەی قەرەباغ دەگیرێنەبەر''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند ''بەم شێوەیە داگیرکاری ٢٨ ساڵەی خاکی ئازەربایجان و قەرەباغ بەفەرمی و کرداریی کۆتایی دێت. قەرەباغ جارێکی دیکە دەبێتە نیشتمانی ئاسایش و دەبێتە شوێنی ئارامی سێبەری هیلال. وەک تورکیا و گەلی تورک، ٢٨ ساڵە هەموو رۆژێک لەگەڵ خوشک و برایانمان لە ئازەربایجان لە دڵماندا هەستمان بە ئازاری ئەو داگیرکاریە کردووە. ئەوانەی پێشتر تەنها تەماشاکاری کۆمەڵکوژیەکانی قوبرس و ساڵانی ١٩٩٠ی بۆسنە بوون، چاوپۆشیشیان لە کۆمەڵکوژیەکەی قەرەباغ کرد. ئێمە لەگەڵ خوشک و برایانمان لە ئازەربایجان بەیەکەوە ئازاری کوشتنی منداڵ، ئافرەت و کەسانەی بەتەمانمان چەشت لە هۆجاڵی و شارەکانی دیکەی قەرەباغ، هەموو بەیەکەوە فرمێسکمان رشت. لەو پێکدادانەی بە هێرشی سەرلەنوێی ئەرمینیا بۆسەر خاکی ئازەربایجان دەستیپێکرد، بە هەموو هێز و توانامانەوە چووینە پاڵ خوشک و برایانمان لە ئازەربایجان و هاوکاربووین لە بەدیهێنانی ئەو قۆناغەی کە کۆتایی بە داگیرکاری هێنا''.
- ''هەموو بەیەکەوە داهاتوومان بنیاتدەنێین''
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە سایەی ئەم قۆناغەدا، بە پێچەوانەی تاوانەکانی ئەرمینیا کە بە درێژایی پێکدادانەکانی ئەم دواییە بە بەردەوامی شوێنی نیشتەجێبوونی دەکردە ئامانج و ژمارەیەکی زۆر کەسی بێ تاوان گیانیان لەدەستدا، ئیدی هیچ کەسێکی مەدەنی زیانی بەرناکەوێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: ''دەوڵەتی ئازەربایجانیش وەک هەمیشە کە هەرواشبووە بەڵێنیداوە هیچ کەسێکی مەدەنی زیانی بەرنەکەوێت. سوپاسی دیپلۆماتکاران و راوێژکارانی سەربازیی و هەواڵگرییمان دەکەم بۆ هەوڵە دڵسۆزانەکانیان لەپێناو گەیشتنی خاکی داگیرکراو و قەرەباغ بە ئازادیی. لەگەڵ بوونەوەی قەرەباغ بە نیشتمانی ئازەربایجان، رۆحی هەر یەک لە مەهمەت ئەمین رەسوڵزادە، ئەنوەر پاشا، نوری پاشا، زەینەل عابدین تاگیێڤ، حوسێن جاڤید، ئەحمەد جەواد و حەیدەر عەلیێڤ شاد بوون کە هەمیشە بە رەحمەت یادی هەموویان دەکەینەوە''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها دووپاتی کردەوە ''دڵخۆشی خوشک و برایانمان لە ئازەربایجان، دڵخۆشیمانە. شانازیان، شانازیمانە. پشتیوان بەخوا لەمەودوا لەگەڵ ئازەربایجاندا، بە هاریکاری زۆر نزیکتر و زۆر بەهێزترەوە بەیەکەوە داهاتووی هاوبەشمان بنیاتدەنێین. لەو قۆناغی گۆڕانکاریەی کە لە ناوچەکەمان و جیهاندا دەگوزەرێت، وەک دوو وڵاتی برا دەست لەناودەست بەیەکەوە وڵاتەکانمان بەرز دەکەینەوە، بەیەکەوە بە ئامانجەکانمان دەگەین''.