ئەنقەرە
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی پارتی دادو گەشەپێدان و سەرۆکوەزیرانی تورکیا، لەمەراسیمی یادی ١٢ ساڵەی دامەزراندنی حیزبەکەیدا باسی چەندین پرسێکی گرنگی ناوچەکەو جیھانی تاوتوێکرد.
ئەردۆغان ئاماژەی بە ھەڵبژاردنەکانی ناوخۆی تورکیا کردو گوتی " لەھەڵبژاردنی داھاتووی تورکیا، ئامادەین بۆ سەرکەوتنێکی گەورە، ھەندێ لایەن ھەن کە ناتوانن لە ڕێی سندوقی دەنگدانەوە بگەنە دەسەڵات کەچی ڕێگەی جۆربەجۆر دەگرنە بەر. ھەڵبژاردنی داھاتوو وانەی ئەوانە دا دەدات کە ھەوڵی پشێوی نانەوە دەدەن".
ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی قسەکانی لەبارەی "پاکێجی دیموکراسی" کە بڕیارە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێ رایگەیاند: رژدن لەسەر درێژەدان بەپرۆسەی ئاشتی و لەو پاکێجەدا چەند یاسایەک بۆ باشترکردنی ڕەوشی دیموکراسی جێی کراوەتەوە، لەچەند ڕۆژی داھاتوو لەگەڵ ئەندامان و بەرپرسانی پارتەکەیدا وتووێژی لەبارەوە دەکات.