Mazın Asad
20 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2017
دیاربەکر - AA
سەرۆکی گشتی پارتی ماف و ئازادییەکان (ھاکپار)، رەفیق کاراکۆچ رایگەیاند: "تێڕوانینی ئێمە بۆ بەرژوەندی گەلی کورد لەگەڵ ھەدەپە جیاوازە".
کاراکۆچ لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند ھێشتا دەستووری ئێستا روحی کودەتاکەی ١٩٨٢ی ھەڵگرتووە.
سەرۆکی گشتی ھاکپار لەبارەی گشتپرسییەوە رایگەیاند: "لە دیاربەکر کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارتەکەمان بەڕێوە چوو و ھەڵسەنگاندنی بابەتەکەمان کرد. بەھۆی دیاریکردنی چەند ھۆکارێک، لە گشتپرسی ١٦ی نیسان دەنگی "نەخێر" دەدەین".
کاراکۆچ گوتیشی: "پێشتر لە زۆرێک لە گۆرانکارییەکان بەشێکیان پرسی کوردی لەخۆ دەگرت. ئێمە پێشتر ئەوەمان پێ پەسەندبووە لە گشتپرسییەکە گوتمان "بەڵێ"، بەڵام کاتێک ھەڵسەنگاندنمان لە ١٨ی ماددەی گۆڕانکاری دەستوور کرد، بۆمان دەرکەوتووە کە گۆڕانکاری نە لە دیموکراسی تورکیا و نە لە دۆزی کورد دێنێتە کایەوە".
سەرۆکی گشتی ھاکپار رەخنەی لە گۆڕانکاری بەشێک لە دەستوور کرد و گوتی: "ئێمە داواکاری لە تەواوی دەستوور دەکەین بۆ ئەوەی گەرەنتی مافی گشت گەلە جیاوازەکان لە دەستوورەکە دەستەبەر بکرێت. ئێمە پشتگیری لە جۆرە دەستوورێکی لەو شێوەیە دەکەین. ھۆکارەکانمان لە جەھەپە و ھەدەپە جیاوازە. ئێمە بەرگری لە گۆڕینی چوار ماددەی یەکەمی دەستوور دەکەین، بەڵام جەھەپە ھەرگیز داواکارییەکی بەو شێوەیەی نابێت. تێڕوانینی ئێمە بۆ بەرژوەندی گەلی کورد لەگەڵ ھەدەپە جیاوازە".