Doğa Kırmızıoğlu
11 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2021
ئەنقەرە- AA
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی ١٦ی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، یانەی پاریس سان جێرمان-ی فەڕەنسی رووبەڕووی یانەی بارسێلۆنا-ی ئیسپانی بووەوە.
لە خولەکی ٣١ی یارییەکەدا، یاریزان کیلیان مباپی گۆڵی یەکەمی بۆ یانەی پاریس سان جێرمان تۆمار کرد.
دوای ئەم گۆڵە یانەی بارسێلۆنا بەخێرایی کەوتەخۆ و لە خولەکی ٣٧دا، لیۆنێل مێسی گۆڵی یەکسانبوونەوەی بۆ یانەکەی تۆمار کرد.
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا، هیچکام لە یانەکان نەیانتوانی گۆڵ تۆمار بکەن و رووبەڕووبوونەوەکە بە ئەنجامی ١-١ کۆتایی هات.
بەم ئەنجامەش یانەی پاریس سان جێرمان بووە یەکێک لەو هەشت یانەیەی بۆ چارەکی پێش کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا سەرکەوت.
لە بەرامبەردا یانەی بارسێلۆنا بۆ جاری یەکەم لە دوای ساڵی ٢٠٠٦- ٢٠٠٧ لە چارەکی پێش کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا ماڵئاوایی کرد.
لە یارییەکی دیکەی گەڕی ١٦ی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، یانەی لیڤەرپوول-ی ئینگلیزی رووبەڕووی یانەی لایپزیک-ی ئەڵمانی بووەوە.
نیوەی یەکەمی یارییەکە بەبێ ئەنجامدانی هیچ گۆڵێک کۆتایی هات، بەڵام لە نیوەی دووەمدا و لە خولەکی ٧٠دا، ئەستێرەی میسری، محەمەد سەڵاح گۆڵی یەکەمی بۆ لیڤەرپوول تۆمار کرد.
دواتر لە خولەکی ٧٤دا یاریزان، سادیۆ مانە گۆڵی دووەمی بۆ هەمان یانە تۆمار کرد و یارییەکە بە ئەنجامی ٢-٠ کۆتایی هات.