هەولێر - AA
لە دوایین یاریی قۆناغی کۆمەڵەکانی ٢٥ههمین جامی کەنداوی عەرەبی، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و یەمەن رووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
یارییەکە کە لە یاریگای نێودەوڵەتیی بەسڕە بەڕێوەچوو، بە ئەنجامی پێنج گۆڵی بێ بەرامبەر لە بەرژەوەندی هەڵبژاردەی عێراق کۆتایی هات.
لە خولەکی ٣٢ یارییەکەدا یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق، مستەفا نازام گۆڵی یەکەمی لە یارییەکەدا تۆمار کرد و گێمی یەکەمی رووبەڕووبوونەوەکە بەو ئەنجامە کۆتایی هات.
لە گێمی دووەمی یارییەکەدا، یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق هێرشەکانیان بۆسەر گۆڵی هەڵبژاردەی یەمەن چڕکردەوە و لە خولەکی ٦٢ یاریزان ئەمجەد عەتوان گۆڵی دووەم و لە خولی ٧٢ و ٧٤ یاریزان ئەیمەن حوسێن گۆڵی سێیەم و چوارەم و لە خولی ٨٧یشدا یاریزان حوسێن عەلی گۆڵی پێنجەمی بۆ هەڵبژاردەکەی تۆمار کرد.
بەم ئهنجامەش هەڵبژاردەی عێراق بە ئەنجامی پێنج گۆڵی بێ بەرامبەر لە هەڵبژاردەی یەمەنی بردەوە و بە کۆکردنەوەی حەوت خاڵی پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرت و هەڵبژاردەی عومان بەهەمان خاڵ لە ریزبەندی دووەم، هەروەها هەڵبژاردەی سعوودیە بە سێ خاڵ لە ریزبەندی سێیەم و هەڵبژاردەی یەمهنیش کە سێ دۆڕانی لەم کۆمەڵەیدا هەبوو، هیچ خاڵێکی تۆمار نەکرد.
هەردوو هەڵبژاردە لە مێژووی نێوانیاندا بۆ ٢٠ههمین جار رووبەڕووی یەکتر بونهوه و لە ١٩ یاریی پێشوودا هەڵبژاردەی عێراق ١٦ جار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و دووجاریش هەردوو هەڵبژاردە یەکسان بوون، هەروەها عێراق لە مێژووی رووبەڕووبوونەوەکانیدا لەگەڵ یەمەن یەک جار دۆڕاوە.
لەو ١٩ رووبەڕووبەوەیەی کە لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەکەدا بەڕێوەچووە، هەڵبژاردەی عێراق ٤٩ گۆڵ و هەڵبژادەی یەمەن ١٠ گۆڵی تۆمارکردووه.
هەڵبژاردەی نیشتمانیی عێراق بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٥ لە چوارەمین یارییە عەرەبییەکان لە قاهیرە پایتەختی میسر رووبەڕووی هەڵبژاردەی یەمەن بوویەوە یارییەکە بە ئەنجامی ٦-٠ لە بەرژەوەندی عێراق کۆتایی هات.