azad muhemed
12 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2016
دهۆک
بە مەبەستى زیاتر خزمەتکردنى ئەو هاووڵاتییانەی لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ ئاوارە دەبن، ئەمڕۆ دەزگاى عەمارى بریتانى بە ئامادەبوونى یەکێک لە شازادەکانى بریتانیا و بەڕێوەبەرانى گشتى تەندروستى پارێزگاى دهۆک و پارێزگاى نەینەوا هەڵسا بە کردنەوەى بنکەیەکى تەندروستى بۆ ئاوارەکانى کەمپى زێلکان، بۆ ئەو هاووڵاتیانەی کە لە ماوەى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ ئاوارەى کەمپەکە بوونە.
دواى کردنەوە و بەسەر کردنەوەى ژوورەکانى بنکەى تەندروستى کەمپى زێلکان لەلایەن شازادەى بریتانیا، ئێما نیکۆلسون ناسراو بە (بارونە) و، بەڕێوەبەرانى گشتى تەندروستى پاریزگاى دهۆک و پارێزگاى نەینەوا لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى شازادەى بریتانیا سەرەتا خۆشحاڵى خۆى دەبڕی بە بۆنەى کردنەوەى بنکەیەکى تەندروستى بۆ ئاوارەکانى کەمپى زێلکان، دواتر لە بارەى هەبوونى پڕۆژەى زیاتر بۆ ئاوارەکان، لە وەڵامدا بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "هاوکارییەکانمان بۆ ئاوارەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق بەردەوام دەبێت، لەڕووى تەندورستییەوە ئێمە لە کۆنەوە زام و برینەکانى هەرێمى کوردستان و عێراقمان زانیووە، بۆیە بە پێویستى دەزانین چاومان لەسەر ئاوارەکان بێت و تەواوى برینەکانیان ساڕێژ بکەین، ئەمەیش ئەرکێکى مرۆییە نەک بابەتێکى سیاسى".
لەبارەى ئامانجى کارەکانى لە درێژەى وەڵامەکەیدا گوتیشى: "ئێمە دەمانەوێت لە کارەکانمان سەرکەوتوو بین، هەموو هەوڵێکیش دەدەین کە بە هەموو توانایەک پاڵپشتى لە کەرتى تەندروستى گشتى بکەین، ئامانجى ئێمە نییە بنکەى تەندروستى خۆمان بەسەر وڵاتان دابەش بکەین، بەڵکو ئامانجمان بە هێزکردنى بنکە تەندروستییەکانى وڵاتانى ناوچە و جیهانە بە گشتى، بۆ ئەو مەبەستە لە تەواوى پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستان پڕۆژەى تەندروستیمان هەبوو و، ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک هاووڵاتى لە پڕۆژەکانى دەزگاى خێرخوازى عەمار سوودمەند بوونە".
بارونە، لە وەڵامەکەیدا ئاشکراى کرد کە هامەهەنگییەکى زۆر بە هێز لە نێوان بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى پارێزگاى دهۆک و رێکخراوەکەیان هەیە ئەمەیش وایکردووە ببێتە مایەى سەرکەوتن و خزمەتێکى گەورە بەو هاووڵاتییانەى کە بێبەش بوونە لە خزمەتگوزاری تەندروستى، ئەمە جێگەى خۆشحاڵى هەموو لایەکمانە".
هەر لە وەڵامى پرسیارى ئاژانسى ئانادۆڵو بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى دهۆک، نزار عیسمەت، لە بارەى هەماهەنگى نێوان بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى پارێزگاى دهۆک و بەڕێوەبەرایەتى تەندروستی پارێزگای نەینەوا لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە رایگەیاند: "بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى دهۆک هەموو توانایەکى خۆى خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەى ئاوارەبووانى جەنگى داعش بێبەش نەبن لە خزمەتگوزارییەکانى کەرتى تەندروستى، بەڵام بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى پارێزگاى نەینەوا بەپێى پێویست هاوکار نەبووە، ئەرکى قورس لە ئەستۆى بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى گشتى دهۆکە، داواکارین بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى پارێزگاى نەینەواش رۆڵ و کارەکانى زیاتر بکات بۆ خزمەت کردنى زیاترى ئاوارەکانى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ لە کەمپەکاندا".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بەڕیوەبەرى گشتى تەندروستى پارێزگاى دهۆک گوتى: "ئەو بنکە تەندروستییەى کە بۆ ئاوارەکانى کەمپى زێلکان کراوەتەوە، لەلایەن دەزگاى عەمارى بریتانى بنیات نراوە کە بڕى ٨٠ هەزار دۆڵارى تێچووە و تاوەکو پێداویستییەکان لە ئاست خزمەتى نەخۆشەکاندا بێت، پڕۆژەکان لە رووى کەرتى تەندروستییەوە بەردەوام دەبن بۆ ئاوارەکانى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ".
نزار عیسمەت لە کۆتایى کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سوپاسى تەواوى ئەو رێکخراوانەى کرد کە پێش کردنەوەى بنکەى تەندروستى لە کەرتى تەندروستییەوە خزمەتییان بە ئاوارەکان گەیاندووە،و رایگەیاند کە ئەو هەوڵ و ماندوو بوونەى ئەوانیش جێگەى رێز و ستایشە.
لای خۆیەوەببەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى پارێزگاى نەینەوا ئەحمەد دووبەردانى سەبارەت بە هاوکارى نەکردنى بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى پارێزگاى دهۆک بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: " ئێمە کەمتەرخەم نین و ئەوەى لە دەستمان هاتبێت کردوومانە، بەڵکو وەزارەتى تەندروستى عێراق وەک پێویست ئاوڕی لە کەرتى تەندروستى مووسڵ نەداوەتەوە، داوامان لە وەزارەتى تەندروستى عێراق کردووە کە هاوکارییەکانى زیاتر بکات بۆ بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى پارێزگاى نەینەوا بۆ ئەوەى بتوانین زیاتر خزمەت بە هاووڵاتییان بگەیەنین".
دووبەردانى گوتیشى: "هەرچەند وەزارەتى تەندروستى عێراق ژمارەیەکى زۆر پێداویستى بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەمان رەوانە کرد، بەڵام ئێمە پێویستییمان بۆ رێژەیەکى زۆر زیاترە تاوەکو بتوانین رەوشى تەندروستى ئاوارەکان کۆنتڕۆڵ بکەین چونکە پڕۆسەى خزمەتکردنى کەرتى تەندروستى بۆ ئاوارەکان پڕۆسەیەکى فراوانە".
بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى پارێزگاى نەینەوا دەڵێت: "کەموکوڕیمان هەیە لە کارمەندى تەندروستى ژمارەى کارمەندەکانمان کە من هەروەها دەرمان و کەلوپەلى پێویستیشمان نییە بۆ خزمەت کردنى ئاوارەکان، داواکارین لە وەزارەتى تەندروستى چاوێک بە کەرتى تەندروستى ئاوارەکان بخشێنتەوە، تاوەکو بار گرانى لە ئەستۆى هیچ لایەکمان نەمێنێت".
هەرچەند کەمپى زێلکان لەڕووى کارگێڕییەوە سەربە قەزاى شێخانە، بەڵام ئەم بنکە تەندروستییەیەى نێو کەمپەکە سەربە قەزاى بەردەڕەشە، قایمەقامى قەزاى شێخان، سەردار یەحیا بەرزنجى ئەمەى بۆ بەهێزى هەماهەنگى نێوان فەرمانگەکانى نێوان هەردوو قەزاى گەڕاندەوە.
هاوکات بەڕێوەبەرى کەرتى تەندروستى قەزاى بەردەڕەش، نارین عومەر موسا کە سەرپەرستى بنکەى تەندروستى کەمپى زێلکانیش دەکات بە ئاژانسى ئانادۆڵوى گوت: "کردنەوەى ئەم بنکەیە خزمەتێکى گەورە بە ئاوارەکانی نیشتەجێی ئەم کەمپە دەگەیەنێت، لە ئێستادا کارێکى گەورە و گرنگە، بەڵام لە ئایندەدا پێویستى بە فراوانتر کردنى دەبێت، چونکە ژمارەى ئاوارەکان زۆرن بنکەیەکى لەو چەشنە ناتوانێت کۆنتڕۆڵى هەموو پێداویستییەکانى تەندروستى ئاوارەکان بکات".
ئاشکراشى کرد کە لە ئایندەیەکى نزیکدا بەشەکانى بنکەى تەندروستى کەمپى زێلکان لە یەکترى جیا دەکرێنەوە و بنکە ئافرەتان و منداڵان و چەند بنکەیەکى دیکە دادەمەزرێن.
دواى کردنەوەى بنکەى تەندروستى ئەو هاووڵاتییانەى کە پێویستیان بە وەرگرتنى چارەسەرى پزیشکى بوو، سەردانى بنکەکەیان دەکرد، وێراى نا جێگیرى تەندروستییان خۆشحاڵى خۆشیان دەردەبڕى بە بۆنەى کردنەوەى بنکەى تەندروستى لە ناو کەمپەکە.