Zana Natık Kerem
19 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق ھۆشداری دا لە بڵاوبوونەوەی جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رایگەیاند، ئۆمیکرۆن لە گۆڕاوەکانی دیکەی کۆرۆنا خێراتر بڵاودەبیتەوە.
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی پێشھاتەکانی رەوشی تەندروستیی و جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "شارەزایان و پسپۆران لە وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، چاودێری پێشھاتەکانی تایبەت بە بڵاوبوونەوەی جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا یان لەسەر ئاستی جیھان، ھەروەھا زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە لە وڵاتانی ئەورووپا و ھەندێک لە وڵاتانی دراوسێ کردووە".
باس لەوەشکراوە کە شارەزایان و پسپۆرانی بواری تەندروستیی، ئەوەیان بەدی کردووە کە ئۆمیکرۆن لە گۆڕاوەکانی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ خێراتر بڵاودەبیتەوە و ھەر ئەوەیش وای کردووە کە ھەندێک لە وڵاتان، بەخێرایی رێوشوێنی خۆپارێزیی بگرنەبەر و شوێنە گشتییەکانیش دابخەن.
ھەروەھا لە راگەیەندراوەکەدا ھۆشداری دراوە لە مەترسی بڵاوبوونەوەی جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق و ھاتووە: "ئەگەر ئۆمیکرۆن لە عێراق بڵاوببێتەوە، بەجۆرێک کاریگەریی لەسەر رەوشی ئێستای تەندروستیی دەبێت کە ھەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتاکە پەک دەخات و بەھۆیەوە عێراق بەرەوڕووی شەپۆلێکی توندی پەتای کۆرۆنا دەبێتەوە".
ئەوەیش خراوەتەڕوو کە راپۆرت و توێژینەوە زانستییەکان جەختیان کردووەتە لەسەر ئەوەی کە ڤاکسینەکان کاریگەرییان لەسەر کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا ھەیە، بەڵام ھێشتا ئەوە نەسەڵمێندراوە کە ڤاکسینەکان کاریگەرییان لەسەر ئۆمیکرۆن ھەیە یان نا.
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا داوای لە ھاووڵاتییان کردووە کە زیاتر پابەندبن بە رێوشوێنەکانی خۆپارێزیی بەتایبەتیش لە وەرگرتنی ڤاکسین و ھاتووە "وەرگرتنی ڤاکسین، دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا".
پێشتر وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق رایگەیاندبوو کە تا ئێستا پەتای جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق بڵاونەبووەتەوە و ئاماژەی بەوەیش دابوو، ئەگەر ئۆمیکرۆن لە عێراق بڵاوببێتەوە، ئەوە پەنا دەبنە بەر گرتنەبەری رێشوێنەکانی پێشووی خۆپارێزیی لەوانە داخستنی شوێنە گشتییەکان، دووپەرێزیی کۆمەڵایەتیی.
جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە ئەفریقای باشوور سەرھەڵداوە، لەئێستادا لە ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپا و عەرەبی بڵاوبووەتەوە.