Dildar Baykan
23 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2021
واشنتۆن - AA
پشکنینی کۆرۆنای نزیکەی ٢٠٠ پاسەوانی بەشدار لە مەراسیمی سوێند خواردنەکەی جۆ بایدن، پۆزەتیڤ دەرچوو.
رۆژی چوارشەممە و لە کاتی هاتنە سەر دەسەڵاتی ٤٦مین سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن نزیکەی ٢٦ هەزار پاسەوان ئاسایشی واشنتۆن-یان پاراست.
بەگوێرەی هەواڵێکی "واڵ ستریت جۆرناڵ" کە پشتی بە لێدوانی چەند بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بەستووە، نزیکەی ٢٠٠ لەو پاسەوانانەی ئەو رۆژە لە ئەرکدابوون، تووشی کۆرۆنا بوون.
ئەو بەرپرسانە گومان دەکەن، هۆکاری توشبوونی ئەو ژمارە زۆرەی سەرباز بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەو شوێنانە لە ئەرکدابوون، مەرجەکانی خاوێنی و دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتی تیایاندا لەبەرچاو نەگیراوە و دواتریش پەتاکە لە ناویاندا بڵاوبووەتەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی رێوڕەسمی سوێندخواردنەکەی جۆ بایدن هەزاران پاسەوان لە دەرەوەی واشنتۆن-ەوە هاتبوون بۆ ئەو شارە و بەهۆی زۆری ژمارەکەشیانەوە شەوان لە ناو گەراج و راڕەوەکانی کۆنگرێس لەسەر زەوی دەخەوتن.
بڵاوبوونەوەی وێنەی ئەو سەربازانە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.