Dildar Baykan
23 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2021
واشنتۆن - AA
٤٦مین سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە ٢٠ی کانوونی دووەمدا هاتە سەر دەسەڵات و دواتر تیمەکەی سیاسەتی دەرەوەی بایدن دەستبەکاربوو.
گوتەبێژی کۆنسەی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، ئیمیلی هۆرن لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستوەتەڕوو کە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، جاک سالیڤان رۆژی هەینی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەفغانستان، حەمدوڵڵا مۆحیب ئەنجامداوە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانەدا سالیڤان جەختی لەوە کردوەتەوە کە ئەمریکا ئەو بەڵێنننانەی دەباتە سەر کە دەربارەی هەماهەنگی نێوان ئەمریکا- ئەفغانستان و ئاشتی بە گەلی ئەفغانستانی داوە. باسی لەوەش کردوە کە حکوومەتی نوێی واشنتۆن چاو بە رێککەوتننامەی ئاشتی نێوان ئەمریکا - ئەفغانستان دەخشێنێتەوە و تاوتوێی پچراندنی پەیوەندی نێوان تاڵیبان و گرووپە تیرۆریستییەکان، کەمکردنەوەی توندوتیژی لە ئەفغانستان، ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی دانوستان لەگەڵ حکوومەتی کابوڵ و لایەنەکانی دیکەی ئەو وڵاتە، دەکات.
راوێژکارەکەی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەش داوە کە وڵاتەکەی دەخوازێت هەموو سەرکردەکانی ئەفغانستان دەرفەتەکانی هێنانەکایەی ئاشتی و سەقامگیری بقۆزنەوە.