Şeyma Uzundere
18 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 18 تەمووز 2021
ئەنقەرە - AA
لە کاتێکدا لە شاری مومبای رۆژئاوای هیندستان، بارانی زۆر و بەخوڕ زیانی بە ژمارەیەکی زۆر یەکەی نیشتەجێبوون گەیاندووە، لە ئاکامی رۆچوونی زەوی لانیکەم ٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی هەواڵێکی هیندستان تایمز لە ناوچەکانی ماهول و ڤیکهرۆلی بە درێژایی شەو بە بێ وەستان باران باریوە و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر خانوو و شوێنکار زیانیان بەرکەوتووە.
بەرپرسانی ناوچەکە ئاماژەیان بەوە کرد کە لە ناوچەی ماهول، دوای بارینی بارانی لەڕادەبەدەر و رۆچوونی زەوی، تەرمی ١٧ کەس دۆزراوەتەوە.
هەروەها لە ناوچەی ڤیکهۆرلی، بەهۆی رۆچوونی زەوییەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.
لە لایەکی دیکەوە، هێزی نیشتمانیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکان (NDRF)، بڵاویکردەوە کە لە ناوچەی جەمبور لە مومبای، بەهۆی رۆچوونی زەوییەوە زیاتر لە چوار خانوو رووخاون و لانیکەم هەشت کەس کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی رووخاوی بیناکانەوە.
گەڕەکەکانی مومبای لە دوای بارانی بەخوڕ ژێرئاو کەوتوون، تیمەکانی هێزی نیشتمانیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکان (NDRF)، بەردەوامن لەسەر کارەکانی گەڕان و رزگارکردن.
سەرۆکوەزیرانی هیندستان، ناریندرا مۆدی لە هەژماری خۆی لە تویتەر، نیگەرانی زۆری سەبارەت بە کارەساتەکە دەربڕی و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان کرد.