Faruk Hanedar
15 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 17 شوبات 2025
قودس - AA
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس، لە شەشەمین خوولدا سێ دیلی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە ڕادەستی خاچی سووری نێودەوڵەتی کران.
لە شەشە خوولی ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس، لە نزیک ئەو ماڵەی کە سەرکردەی حەماس یەحیا سینوار تیایدا کوژرا، سێ دیلی ئیسرائیلی بە ناوەکانی ئەلیکساندەر شاسا، ساگوی دەکەل و هەروەها یایر هۆرن لە شارۆچکەی خان یونس ڕادەستی خاچی سووری نێودەوڵەتی کران.
ئەلیکساندەر شاسا بەڕەگەز ئیسرائیلی-ڕووسییە و و ساگوی دەکەل بە ڕەگەز ئیسرائیلی-ئەمریکاییە.
بەو پێیە ژمارەی ئەو دیلە ئیسرائیلیانەی کە لە کەرتی غەززە ئازاد کراون گەیشتە ١٩ کەس.
لەبەرامبەردا بڕیارە ٣٦٩ فەڵەستینیش لە بەندیخانەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکرێن کە ٣٦ کەسیان سزای زیندانی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە، ٣٣٣ کەسیشیان ئەو کەسانەن کە لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ لە کەرتی غەززە دەستبەسەر کراون.
ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس ڕۆژی ١٩ی کانوونی دووهەم چووە واری جێبەجێکردنەوە.
لە چوار خوولەکانی پێشووی ڕێککەوتنەکەدا ٧٦٦ دیلی فەڵەستینی و ١٦ ئیسرائیلی و پێنج تایلەندی ئازاد کران.
ڕێککەوتنەکە لە سێ قۆناغدا بەڕێوە دەچێت و لە قۆناغی یەکەم کە ٤٢ ڕۆژ دەخایەنێت، هەزار و ٩٠٠ فەڵەستینی و ٣٣ ئیسرائیلی ئازاد دەکرێن.