Mehmet Tosun,Sarp Özer
25 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 26 تشرینی دووەم 2022
ئەنقەرە-AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خوڵوسی ئاکار سەبارەت بەو بانگەشەیەی کە سوپای تورکیا خاڵێکی چاودێری ئەمریکای لە باکووری سووریا کردووەتە ئامانج گوتی: "ئێمە زیان بە هێزەکانی هاوپەیمانان یان هاووڵاتییانی مەدەنی ناگەیەنین".
ئاکار دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی ئاک پارتی لە کاتی چوونەدەرەوەی لە ناوەندی گشتیی پارتەکە، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دوایین دۆخی ئۆپەراسیۆنی چنگ-شمشێر، ئاکار گوتی: "بۆ کۆتاییهێنان بە تیرۆر، دەستەبەرکردنی ئاسایشی وڵاتەکەمان و گەلەکەمان و سنوورەکانمان هەرچی پێویست بێت کردوومانە و بەردەوامیش دەبین".
خوڵوسی ئاکار بە ئاماژەدان بەوەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-شمشێر کە گەورەترین و گشتگیرترین و کاریگەرترین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانییە و لە ماوەی رابردوودا دەستی پێکردووە، بە سەرکەوتوویی بەردەوامە، گوتی، " ئۆپەراسیۆنەکە بە "بۆردومانی سزادان" لە رێگای ئاسمانی و وشکانییەوە بەردەوامە. تا ئێستا ٣٢٦ تیرۆریست لەو ئۆپەراسیۆنەدا لە چالاکی خراون".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو بانگەشەیەی کە سوپای تورکیا خاڵێکی چاودێری ئەمریکای لە باکووری سووریا کردووەتە ئامانج، ئاکار گوتی: "ئێمە زیان بە هێزەکانی هاوپەیمانان یان هاووڵاتییانی مەدەنی ناگەیەنین. تەنها یەک ئامانجمان هەیە، ئەویش تیرۆریستانە. ئەو شوێنە ئامانجی ئێمەیە کە تیرۆریستانی لێیە. گرنگترین بنەمای ئێمە ئەوەیە کە زیان بە هاووڵاتییانی مەدەنی و ژینگە ناگەیەنین".
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی "کەی کۆبوونەوە لەسەر ئاستی سەرکردەکان لە سووریا بەڕێوەدەچێت" ئاکار گوتی: "پێشهاتی زۆر لە ئارادان. لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان دەکەین و بەو پێیە بڕیار دەدەین".
ئاکار جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا بە سەرکردایەتیی سەرکۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان بووەتە بابەتێکی گرنگ لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، گوتی: "ئێمە لە هەموو شوێنێک داکۆکی لە ماف و یاسای وڵاتەکەمان و نەتەوەکەمان دەکەین. جگە لەوەش لە دادپەروەرانەدا داکۆکی لە دۆسیەی وڵاتانی دۆست و برای وەک قوبرس، ئازەربایجان و لیبیا دەکەین. بەردەوامیشین لە پشتیوانیکردنیان".