Mohammed Baqi Hussein
18 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 20 کانوونی دووەم 2016
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیری رایگەیاند، "ئەو 400 ملیۆن دۆلارەی ئێران كە لە ساڵی 1981ەوە بلۆككراوە، لەگەڵ ئەو بڕە سووەدا دەدرێتەوە كە هاتۆتە سەری و بڕەكەی یەك ملیار و 300 ملیۆن دۆلارە".
دوای ئەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، یەكەم هەنگاوی ئەمریكا دانەوەی ئەو 400 ملیۆن دۆلارە دەبێت كە بەر لە تێكچوونی پەیوەندییەكانی دیپلۆماسی نێوان تاران و واشنتۆن لەلایەن ئەمریكاوە بلۆككرابوو، كاتێك ئێران بەمەبەستی كڕینی پێداویستی سەربازی ناردبووی بۆ ئەمریكا.
كیری لە روونكردنەوەیەكی نووسراودا رایگەیاندووە،"رێككەوتن كراوە لەسەر دانەوەی ئەو بڕە پارەیەی ئێران كە ماوەی 35 ساڵە لەلایەن ئەمریكاوە بلۆككراوە".
كیری لە روونكردنەوەكەیدا دەڵێت،"ئێران ئەو 400 ملیۆن دۆلارەی لە سندووقی وەقفەكەیدایە، لەگەڵ ئەو بڕە سووەی كە چووەتە سەری كە بڕەكەی یەك ملیار و 300ملیۆن دۆلارە وەردەگرێتەوە و رێژەیەكی سووی شیاوی لەسەر دانراوە. لەبەرئەوە ئێران ناتوانێت داوای قەرەبووی زیاترمان لێ بكات. سیستمی باجی ئەمریكا رێگربوو لەبەردەم دانەوەی بڕێكی زیاتردا".
هەروەها كیری ئاماژەی بەوەدا كە ئەمریكا لەو ماوەیەدا نزیكەی چوار هەزار و 700 سكاڵای تایبەتی دژی ئێران تۆماركردووە و بەوپێیە لە 20 ساڵی یەكەمدا هاووڵاتییان و كۆمپانیاكانی ئەمریكا، بڕی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن قەرەبوویان بردۆتەوە.
كیری نەیشاردەوە كە لەلایەن ئێرانیشەوە ژمارەیەكی زۆر سكاڵا دژی ئەمریكا تۆماركراوە و هەوڵدەدەن ئەو دۆسیانە بە شێوەیەكی گونجاو بەئەنجام بگەیەنن.