لە دواین وتاری لەسەر "دۆخی یەكێتی" سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا باراك ئۆباما چەند پەیامێكی گرنگی لەبارەی ئەو بەرپرسیارێتییانەی كە دوای خۆی بەجێیان دەهێڵێت بڵاوكردەوە و، لەپێناو بەهێزتر كردنی وڵاتەكەیدا بانگەوازی ئەوەی كرد كە كۆنگرێس بە هەماهەنگی هەڵسوكەوت بكات.
سەرۆكەكانی ئەمریكا وەك نەریتێك ساڵانە وتارێك بەناوی "دۆخی یەكێتی" لە كۆنگرێس پێشكەش دەكەن و زانیاری سەبارەت بەو ساڵە و ساڵی ئایندە بەكۆنگرێس و گەلی ئەمریكا دەدەن.
ئۆباما ماوەی ئەركەكەی لە 2016دا كۆتایی دێت و لە كۆنگرێس دواین وتاری "دۆخی یەكێتێ" پێشكەش كرد.
ئۆباما سەرەتا بە گاڵتەوە رایگەیاند كە لەبەرئەوەی دواین وتارە لەچاو ساڵانی پێشوودا وتارێكی كورتتر پێشكەش دەكات. ناوبراو ماوەی 59 خولەك لەبارەی ئابووری و سیاسەتی دەرەوە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ئەمریكا و چەند بابەتێكی دیكەوە دوا.
ئۆباما بەشێكی گرنگی وتارەكەی بۆ ئابووری وڵاتەكەی تەرخان كرد.
ناوبراو جەختی كردەوە كە لەو رۆژەی كە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، ئابووری ئەمریكا بەرەوپێشچوونی مەزنی بەخۆیەوە بینیوە و هەلی كار لە حەوت ساڵی رابردوودا زۆرترین گەشەسەندنی بەخۆیەوە بینیوە لە مێژووی ئەمریكادا، بەجۆرێك لەو ماوەیەدا هەلی كار بۆ 14 ملیۆن كەس دابین كراوە و بێكاری كەمكراوەتەوە و لەسەدا 75ی كورتهێنانی بوودجە پڕكراوەتەوە.
ئۆباما گوتی: "لەئێستادا ئەمریكا خاوەنی بەهێزترین و خۆڕاگرترین ئابوورییە" و لەبارەی ئەوانەی پێیان وایە ئابووری ئەمریكا بەرەو لاوازبوون دەچێت گوتی:"ئەوانە خەیاڵ دەفرۆشن".
لەبابەتی سیاسەتی دەرەوەدا ئۆباما باسی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، كرانەوە بەڕووی ئێران و كوبا، داخستنی بەندیخانەی گوانتانامۆ، دادگایی نەكردنی كەسێك بەهۆی نەژاد و ئایینەوە و ئەو بابەتانە كرد كە لەگەڵ بەهاكانی ئەمریكادا ناگونجێن.
سەرۆكی ئەمریكا ئەو دەنگۆیانەی كە دەڵێن ئەمریكا لاواز بووە و دوژمنانی بەهێزبوون بە بانگەشەی سیاسی ناوبرد و گوتی:"ئەمریكا بەهێزترین وڵاتی جیهانە".
سەرۆكە رەشپێستەی ئەمریكا جەختی كردەوە كە لەچاو قۆناغەكانی پێشتردا، وڵاتەكەی پێگەیەكی بەهێزتری هەیە.
ئۆباما گوتی: "لەبابەتە گرنگەكانی جیهانیدا گەلانی جیهان تەماشای پەكین و مۆسكۆ ناكەن، بەڵكو پەیوەندی بە ئێمەوە دەكەن".
ئۆباما ئاماژەی بەوەدا كە لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەو وڵاتانەی تووشی شكست هاتوون بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئەمریكا و رایگەیاند، "پێشینەیان پاراستنی گەلی ئەمریكایە و بەرۆكی تیرۆریستان بەرنادەن".
راشیگەیاند كە ئەلقاعیدە و داعش هەڕەشەی راستەخۆیان بۆ گەلی ئەمریكا هەیە و جەختی كردەوە كە دەكرێت چەند تیرۆریستێك لە تۆڕی ئینتەرنێتەوە زیانی گەورەیان پێ بگەیەنن.
ئۆباما لەدرێژەی وتارەكەیدا رایگەیاند "هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەرابەرایەتی وڵاتەكەی نزیكەی 10 هەزار هێرشی ئاسمانی بۆ سەر داعش ئەنجام داوە و چەندین سەركردەیانی لەناوبردووە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە ناوەندەكانی مەشق و راهێنانی رێكخراوەكە و چەك و تەقەمەنی و سەرچاوەكانی داراییان كردۆتە ئامانج.
ئۆباما رایگەیاند "چەكدارانی داعش خوێنڕێژن و پێویستە دەستگیربكرێن و لەناوببرێن، هەروەها لەوبارەوە بانگەوازێكی ئاراستەی كۆنگرێس كرد".
ئۆباما گوتی: "ئەگەر كۆنگرێس سووربێت لەسەر بردنەوەی ئەم جەنگە و بیەوێت پەیامێك بۆ سەربازانمان و جیهان بنرێت، پێویستە دەسەڵاتی بەركارهێنانی هێزی سەربازی بداتە حكوومەت دژی داعش".
هەروەها ئۆباما جەختی كردەوە كە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی پێویستە كارەكانی لەسەر داعش و ئەلقاعیدە چڕبكاتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا ئەگەر داعشیش نەبێت چەندین شوێنی جیهان دەیان ساڵ ناسەقامگیر دەبن و گرووپی تیرۆریستی نوێ سوود لەو دۆخە وەردەگرن و سەرهەڵدەدەن. ئاماژەی بەوەیشدا كە دواتر ناتوانرێت ئەو وڵاتانە سەرلەنوێ بنایاتبنرێنەوە، بۆ ئەوەیش ڤێتنام و عێراقی بە نموونە هێنایەوە و گوتی: "پێویستە تا ئێستا وانەی پێویستیان وەرگرتبێت".
ئۆباما ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە لەگەڵ هاوپەیمانانیاندا هەنگاوبنێن بۆ ئەو بابەتە و سووریای بە نموونە هێنایەوە.
لەوبارەوە ئەوەی وەبیرهێنایەوە كە لە سووریا پێشڕەوی هەوڵەكانی جیهانی دەكەن بۆ گەیاندنی قەیرانەكە بە چارەسەر و دەستبەركردنی ئاشتی. هەروها ئۆباما ئاماژەی بەوەیشدا كە لەگەڵ هێزەكانی نێوخۆیش هەماهەنگی دەكەن و لەپێناو رێگریكردن لەوەی ئێران نەبێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی لەسەر بنەماكانی دیپلۆماسی یەكڕیزی جیهانییان دەستەبەركردووە.
ئۆباما گوتی: "پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران روو پاشەكشەكردنە. یەدەگی یۆرانیۆمەكەی بە كەشتییەكاندا ناردووە و جیهان لە جەنگێكی دیكە رزگاری بووە".
- "گەمارۆكانی سەر كۆبا هەڵگرن"
ئۆباما لە وتارەكەیدا رایگەیاند كە دوای دابڕان بۆ ماوەی 50 ساڵ پەیوەندییەكانی نێوان و ڵاتەكەی و كوبا ئاسایی بۆتەوە و لەوبارەوە بانگەوازی لە كۆنگرێس كرد و ، گوتی:"ئەگەر پێتان وایە جەنگی سارد كۆتایی هاتووە، گەمارۆكانی سەر كوبا هەڵگرن".
هاوكات دووپاتی كردەوە كە دەیەوێت گرتووخانەی گوانتانامۆ دابخات كە دوای داگیركردنی ئەفغانستان لەلایەن وڵاتەكەیەوە كرایەوە.
ناوبراو لەوبارەوە ئاماژەی بەوەدا كە گوانتانامۆ خەرجی زۆرە و بێ سوودە، هەروەها خزمەت بە زیاتر كۆكردنەوەی سەربازانی دوژمن دەكات و گوتی: "بەردەوام دەبم لەهەوڵەكانم بۆ داخستنی گوانتانامۆ".
- "ئەگەر سیاسەتمەداران سووكایەتی بە موسوڵمانان بكەن، ئێمە سەلامەت نابین"
ئۆباما لەبارەی لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپەوە بێ ئەوەی ناوی بهێنێت رایگەیاند، "پێویستە هەموو جۆرە سیاسەتێك رەتبكرێتەوە كە مرۆڤەكان بەهۆی نەژاد و ئایینەوە دەكاتە ئامانج".
ئۆباما گوتی:"كاتێك سیاسەتمەداران سووكایەتی بە موسوڵمانان دەكەن، كاتێك مزگەوتێك تێكدەشكێنرێت یان گاڵتە بە منداڵێك دەكرێت، ئەمە ئێمە پارێزراوتر ناكات. ئەمە رووداوەكە وەك خۆی نیشان نادات. ئەمە هەڵەیە. ئەمە ئێمە لە چاوی جیهاندا زیاتر بچووك دەكاتەوە. بەدەستهێنانی ئامانجەكانمان سەختتر دەكات و ناپاكی بەرانبەر پێگەی خۆمان دەكات وەك وڵات".
باراك ئۆباما لە دواین وتاری "دۆخی یەكێتی"دا چەندین كەسی بانگهێشت كردبوو. 23 كەس وەك میوانی تایبەتی بنەماڵەی ئۆباما ئامادەی وتارەكە بوون و ژمارەیەك كورسی بۆ ئەو كەسانەی لە پەلامارەكانی چەكداری ئەمریكا گیانیان لەدەستدابوو بە بەتاڵی هێلرانەوە. هەروەها لەنێو میواناندا پەنابەر و زانای سووری رەفاعی حامۆ و دوو نوێنەری ئەنجوومەنی پەیوەندییەكانی ئیسلامی ئەمریكی كە گەورەترین رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی موسوڵمانانە لە ئەمریكا بەدی دەكران.
news_share_descriptionsubscription_contact

