Muhammet Ali Kemal
15 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2016
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما:
- ''(سەبارەت بەکۆبوونەوەکەیان لەکۆشکی سپی) لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا ئەوەندەی توانیم راستگۆ بووم''
- ''دوودڵیمان هەیە؟ بەدڵنیاییەوە، نیگەرانییمان هەیە. من و ئەو لەژمارەیەکی زۆر بابەتدا هاوڕا نیین''.
- ''ئەمریکا هیچ نیازێکی نییە بۆ لاوازکردنی ئەو پەیوەندییە پتەو و بەهێزەی لەگەڵ ناتۆدا هەیەتی''.
سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما رایگەیاند دوودڵییان هەیە سەبارەت بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ کە وەک 45ەمین سەرۆکی ئەو وڵات هەڵبژێردراوە.
باراک ئۆباما بەر لەبەڕێکەوتنی بۆ گەشتێکی بۆ دەرەوەی وڵات کە هەریەک لە یۆنان، ئەڵمانیا و پیرۆ دەگرێتەوە، لە کۆشکی سپی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
ئۆباما ئاشکرای کرد دوای ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان یەکلایی بووەتەوە، تیمەکەی لە کۆشکی سپی هەموو جۆرە هاوکاریی و ئاسانکارییەکیان نیشانداوە بۆ رادەستکردنی ئیدارەی ئەمریکا بەشێوەیەکی رێک و پێک و گوتی: ''ئەم ئۆفیسە لە هەموو کەسێک گەورەترە. هەرلەبەر ئەوە دەستەبەرکردنی رادەستکردنێکی رێکوپێک و بێ کیشە زۆر گرنگە''.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەکردەوە ئێستا ئەمریکا لەدۆخێکی بەهێزتردایە لەچاو ئەو کاتەی ئەو هەشت ساڵ لەمەوبەر بووەتە سەرۆک و ئەمریکا هێشتا نموونەیە بۆ جیهان و ''قورسایی خۆی هەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی''.
باراک ئۆباما باسی لەوەکرد سەرۆکایەتی ئەمریکا ئەرکێکی زۆر گرنگە و لەگەڵ سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپدا رۆژی چوارشەممە لە کۆشکی سپی کۆبوونەوەیەکی ''دۆستانە''یان ئەنجامداوە و گوتی:
''لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا ئەوەندەی توانیم راستگۆ بووم. ئەو زیاتر لەوەی کەسێکی ئایدۆلۆجی بێت کەسێکی پراگماتی و کردارییە''.
ئۆباما جەختی لەوەشکردەوە ئەو بڕیارانەی ترەمپ وەک سەرۆک دەریاندەکات پەیوەستن بەخۆیەوە و بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن و سەرۆکایەتیکردنی وڵات دوو شتی جیاوازن و گوتی: ''لەکۆبوونەوەکەماندا پێشنیارم بۆ سەرۆک بەو ئاراستەیەدا بوو کە ئیدارەکردنی ئەمریکا جیاوازە لە بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن. ئەویش هەست بەمە دەکات''.
لەوەڵامی پرسیارێکیشدا سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد کە دوودڵییان هەیە سەبارەت بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ و لەوبارەیەشەوە ئەمریکا بەرپرسیارێتیی دەکەوێتە سەرشان و گوتی: ''دوودڵیمان هەیە؟ بەدڵنیاییەوە، نیگەرانییمان هەیە. من و ئەو لەژمارەیەکی زۆر بابەتدا هاوڕا نیین. حکوومەتە فیدراڵییەکەمان و دیموکراسییەکەمان بەلەمی پێشبڕکێ و خێرایی نییە بەڵکو کەشتییەکی ناو زەریایە. کاتێک کە هاتمە سەرۆکایەتی هەستم بەمە کرد''.
- پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ناتۆ
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ناتۆ باراک ئۆباما رایگەیاند لەکاتی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپیشدا هیچ گۆڕانکارییەکی ستراتیجیی نایەتە ئاراوە و گوتی: ''ئەمریکا هیچ نیازێکی نییە بۆ لاوازکردنی ئەو پەیوەندییە پتەو و بەهێزەی لەگەڵ ناتۆدا هەیەتی. ئەم هاوپەیمانێتییانە تەنها لەبەر ئەورووپا نییە، بەڵکو بۆ ئەمریکا و جیهانیش زۆر گرنگە''.
- شەڕی ناوخۆی سووریا
لەوەڵامی پرسیارێکیشدا لەبارەی ئەوەی نەتوانراوە لەماوەی سەرۆکایەتی ئۆبامادا شەڕی ناوخۆی 6 ساڵەی سووریا کۆتایی پێبهێنرێت، ئاماژەی بەوەکرد بەهۆی شەڕی بەوەکالەتەوە لەو وڵاتە ''دۆخێکی ئاڵۆز'' هاتووەتە ئاراوە و گوتی:
''دەمویست هەرچی زووە ئەو دۆخە بوەستێنم. هەموو هەوڵێکماندا بۆ ئەوەی چارەسەرێکی سیاسیی بۆ ئەم بابەتە بدۆزینەوە. وەزیری دەرەوەمان جۆن کیری بەمەبەستی راوەستاندنی ئەو مەرگەساتەی لەسووریا هەیە کۆششێکی زۆری کرد و لەگەڵ هەریەک لە رووسەکان، ئێرانییەکان و وڵاتانی کەنداو کۆبوویەوە. ئەگەر بێت و پرسیاری ئەوەش بکەن کە ئایا هاوشێوەی ئەوەی لەلیبیا کردمان، دەتوانین لەسووریاش چالاکی و ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەنجامبدەین، بەڕوونی دەیڵێم کە دۆخەکەی ئەوێ جیاوازە. ئێمەش ئەو بژاردەیەمان لەبەردەستدا نییە. ئەوەندەی لەتواناماندا بێت بەردەوام دەبین لە فشارکردن لەپێناو چارەسەرێکی سیاسییدا''.