Zana Natık Kerem
24 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 24 تشرینی دووەم 2022
نیویۆرک – AA
سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی کرد لەبەرامبەر بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزە لە ئۆکراینا، وەڵامی توندی رووسیا بداتەوە.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە میانی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە دوێنێ چوارشەممە، ٧٠ مووشەک لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە ئاراستەی ئۆکراینا کراوە.
گوتیشی: "هێرشەکانی رووسیا، گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون، نەخۆشخانە و قوتابخانەکانی کردووەتە ئامانج".
سەرۆکی ئوکراینا، رووسیای بەوە تۆمەتبار کرد کە هەوڵدەدات "زستانی سارد لە ئۆکراینا بکاتە چەکێکی کۆمەڵکوژ".
راشیگەیاند "پلەکانی گەرما لە وڵاتەکەمان لە خوار سفرەوەیە و بە ملیۆنەها کەس بێ کارەبا و بێ ئامێری گەرمکەرەوەن و ئەمەیش تاوانێکی روونی دژبە مرۆڤایەتییە".
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی هەروەها داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە تیمێکی دیکە رەوانە بکات، بۆ ئەوەی ئەو زیانانە هەڵسەنگێنێت کە بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە، بەر ژێرخانە گرنگەکان لە ئۆکراینا کەوتوون.
دوێنێ ئاژانسی ھەواڵیی ئەسۆشەییتد پرێس لە ژمارەیەک بەرپرس کە ناوی ئاشکرانەکردوون بڵاوی کردبووەوە کە رووسیا زنجیرەیەک هێرشی بۆسەر ژمارەیەک لە شارەکانی ئۆکراینا ئەنجامداوە لەنێویاندا، شاری کیێڤی پایتەخت کە لە میانیدا، ژێرخانەکان لەو شارانە کراونەتە ئامانج.
تا ئێستا رووسیا، وەڵامی ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن ئۆکرایناوە ئاراستەی کراوە، نەداوەتەوە.