Davit Kachkachishvili
15 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 15 کانوونی دووەم 2023
دنیپرۆ - AA
لە هێرشێکی مووشەکیی سوپای رووسیادا بۆسەر شاری دنیپرۆ رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، ١٢ کەس کوژران کە یەکێکیان منداڵە و ٧٣ کەسی دیکەش برینداربوون.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن دەزگای فریاگوزاری دەوڵەتی ئۆکرانیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە هێزەکانی رووسیا هێرشی مووشەکییان کردووەتە سەر شاری دنیپرۆ.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها باس لەوە کراوە کە لە هێرشەکەدا، زیانی زۆر بەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کەوتووە و بەهۆیەوە ١٢ کەس کوژراون کە یەکێکیان منداڵە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیشخراوەتەڕوو کە لە هێرشە مووشەکییەکەدا، ٧٣ کەس برینداربوون کە ١٤یان منداڵن و تیمەکان بەردەوامن لە هەڵدانەوەی داروپەردووی رووخاوی بیناکە و هەڵمەتی گەڕان و رزگارکردن.
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی کاردانەوەی نیشان دا لەهەمبەر ئەو هێرشەی کە هێزەکانی رووسیا ئێوارەی ١٤ی کانوونی دووەم کردیانە سەر شاری دنیپرۆ.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی باسی لەوە کرد کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا، باڵەخانەیەکی نۆ نهۆمی نیشتەجێبوون رووخاوە و هێرشە مووشەکییەکەی بە کردەی تیرۆریستیی لەقەڵەمدا.
سەرۆکی ئۆکراینا داوای لە وڵاتانی هاوبەش کرد، هاوکاری ئۆکراینا بکەن لە رووی چەکەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە راگرتنی هێرشەکانی رووسیا تەنیا بە رووبەڕوو بوونەوە دەبێت لە بەرەکانی جەنگدا.
گوتیشی: ''لە کۆی نزیکەی ٣٠ مووشەک کە هێزەکانی رووسیا لە ١٤ی کانوونی دووەمدا ئاراستەی ئۆکراینایان کردووە زیاتر لە ٢٠یان لەلایەن هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرایناوە خراونەتە خوارەوە''.
سەرۆکی شارەوانی کیێڤ پایتەختی ئۆکراینا، ڤیتالی کلیچکۆ ئاماژەی بەوە کرد کە بەرەبەیانی ١٤ی کانوونی دووەم لە ناوچەی دنیپرۆ دەنگی تەقینەوە بیستراوە.
ڤیتالی کلیچکۆ باسی لەوە کردبوو کە لە ناوچەی خۆلۆزێیڤ پارچەی مووشەکەکان کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.