Dlshad Saifaalddin Ahmed
12 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 14 تشرینی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئیبراهیم بەحرلعلوم دوای سەردانی گڵكۆی سەركۆماری پێشووی عێراق، جەلال تاڵەبانی لە گردی دەباشان و دانانی تاجە گوڵینە لەسەر گۆڕەكەی لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان رۆڵی جەلال تاڵەبانی لە یەكخستنی چین و توێژە جیاوازەكان و بیروبۆچوونە جیاجیاكانی عێراق بەرز نرخاند و پرسە و سەرەخۆشی دەزگای بەحرلعلومی خێرخوازی بە بنەماڵە و حزبەكەی گەیاند.
ئیبراهیم بەحرلعلوم گوتی: "پەیامی جەلال تاڵەبانی بۆ عێراقییەكان ئەوەبوو بە یەكگرتوویی و یەكدەستی روبەڕووی مەترسی و بەربەستەكان ببنەوە و كار بۆ عێراقێكی یەكێتیی دیموكراتی بكەن، هەر ئەوەش هیوای ئێمەیە و پشت بەخوا عێراق بە یەكگرتوو یەكپارچەیی دەمێنێتەوە".
بەحرلعلوم باسی لە توانای تاڵەبانی لە گوتار و ئاراستەكردنی چین و توێژە جیاجیاكان كرد و گوتی: "ئێمە خوازیاری ئەوەبووین رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی مام جەلال لە شاری بەغدا بەڕێوە بچووایە، ئەو رەمزێكی نیشتمانی بوو، دەمانبینی چۆن هەزاران كەس لە شارەكانی تری عێراقەوە دەهاتن لە پێناو ئەودا، بۆ یەكەمجارە لە مێژووی عێراقدا عێراقییەكان بۆ كۆچی دوایی سەرۆكی وڵاتەكەیان خەمبار بن".
ئیبراهیم بەحرلعلوم كە سیاسەتمەدارێكی دیاری شیعەی عێراقییە و لە دوای رووخانی حكوومەتی پێشووی عێراق لە دوای ساڵی 2003 و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق وەك وەزیر و پەرلەمانتار كاری كردووە، لە بارەی ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و ریفراندۆمەوە دوا و گوتی:" پێویستە ئەو پەیامەی مام جەلال هەیبوو لەناو خانەوادەكەیی و حزبەكەیی و شارەكەی وەك خۆی بمێنێتەوە لە پێناو یەكخستنەوەی عێراق بۆ روبەڕووبونەوەی بەربەست و مەترسییەكان، راستە ناكۆكی هەیە بەڵام پێویستە ئەو ناكۆكیانە وەلاوە بخرێن، گوتارەكەی رۆژی 29ی ئەیلوولی رابردووی مەرجەعیەتی ئایینی ئایەتوڵڵا سیستانی نەخشە رێگای تێپەڕاندنی مەینەتییەكانی عێراقی داناوە، ئەو گوتارە ئامۆژگاری و ئاراستەكردن و هۆشیاركردنەوەی لەخۆگرتبوو، پەیامەكە پەیامی یەكێتی و رەتكردنەوەی دابەشكردنی عێراقی لەخۆگرتبوو".