Muhammet Ali Kemal
29 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 30 تشرینی دووەم 2016
قودس- AA
لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرانەی هەفتەی رابردوو لەئیسرائیل کەوتنەوە، کۆتایی بە باری نائاسایی لەو وڵاتە هێنرا.
گوتەبێژی پۆلیسی ئیسرائیل لوبا سامری، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە دوای ئەوەی ئاسایشی وڵاتەکەی توانی کۆنترۆڵی ئەو ئاگرانە بکات کە هەفتەی رابردوو کەوتنەوە، باری نائاسایی لەئیسرائیل هەڵگیراوە.
سامری باسی لەوەشکردووە لە کارەکانی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا 20 هەزار پۆلیس و ژمارەیەکی زۆر کارمەندی ئاگرکوژێنەوە و سەرباز بەشدارییان کردووە و دەیان هەزار دۆنم زەوی لە ئیسرائیل و ناوچەکانی باکووری قودس سووتاون.
رۆژی سێ شەممەی هەفتەی رابردوو لە 13 ناوچەی ئیسرائیل بە قودسیشەوە، ئاگر کەوتەوە و بەهۆی رەشەباوە ئاگرەکە تەشەنەی کرد. لەکاتێکدا تا ئێستا هۆکاری کەوتنەوە ئاگرەکە نەزانراوە،لە هەواڵەکانی چەند میدیایەکی ئەو وڵاتەدا بانگەشەی بوونی ''ئاگرتێبەردان یان سووتاندنی بەئەنقەست'' دەکرێت.
لای خۆیشییەوە پۆلیسی ئیسرائیل 23 هاووڵاتیی فەڵەستینی دەستگیرکردووە بەتۆمەتی ئەوەی کە ئەوان لە پشت رووداری ئاگرکەوتنەوەکەدان.