Laith Al-jnaidi
06 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 07 شوبات 2025
سووریا ــ AA
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرکۆماری قۆناغی ڕاگوزەری سووریا و ڕایگەیاند، ھەوڵدەدەن ئەو سزایانەی کە بەسەر سووریادا سەپاندوویانە، ھەڵبگرن.
سەرۆکایەتی کۆماری سووریا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەحمەد شەرع لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا، لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن قسەی کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ئیمانوێل ماکرۆن پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع کردووە بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرکۆماری قۆناغی ڕاگوزەری سووریا
لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ڕابردوودا، دەسەڵاتی نوێی سووریا ڕایگەیاندبوو کە ئەحمەد شەرع وەک سەرکۆماری قۆناغی راگوزەری ئەو وڵاتە، دەستنیشان کراوە.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرکۆماری فەڕەنسا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ قۆناغی ڕاگوزەری سووریا دووپات کردووەتەوە و ڕاشیگەیاندووە، فەڕەنسا ھەوڵدەدات ئەو سزایانەی کە بەسەر سووریادا سەپاندووە، ھەڵبگرن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئیمانوێل ماکرۆن جەختی لەوەش کردووەتەوە کە فەڕەنسا پاڵپشتی لە پڕۆسەی سیاسی، سەربەخۆیی، سەروەریی و یەکپارچەی خاکی سووریا دەکات.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لەبەرامبەردا، ئەحمەد شەرع سوپاسی فەڕەنسای کردووە کە لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردووە بەردەوام پاڵپشتی گەلی سووریای کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە سەرکۆماری قۆناغی ڕاگوزەری سووریا دووپاتی کردووەتەوە: "سووریا دەبێت بە لایەنێکی ئەرێنی لە ناوچەکە و جیھاندا، ھەروەھا گرنگیش بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی دەدات کە بریتین لە سەقامگیری، پاراستنی سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی سووریا".
ئاماژەی بەوەشداوە کە ئەحمەد شەرع باسی لەو ئاڵنگارییانە کردووە کە ئێستا بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم تەواوکردنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و ڕایگەیاندووە، ئەو سزایانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە بواری ئابوورییدا بەسەر سووریادا سەپێندراون، ئێستا بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم تەواوکردنی یەکپارچەیی خاکی سووریا.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ئیمانوێل ماکرۆن داوای لە ئەحمەد شەرع کردووە کە ھەفتەی داھاتوو، سەردانی پاریس بکات و لەبەرامبەردا ئەحمەد شەرع ڕەزامەندی لەسەر داواکەی ئیمانوێل ماکرۆن نیشانداوە.