Muhammet Kurşun,Zana Natık Kerem
19 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 21 تشرینی دووەم 2019
تاران ــ AA
ئاژانسی هەواڵیی ئێران "فارس" بڵاویكردەوە لە خۆپیشاندانەكانی شەوی رابردووی رۆژئاوای تاران، سێ ئەندامی هێزەكانی بەسیج و سوپای پاسداران كوژراون.
ئاژانسی ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە كە شەوی رابردوو لە میانی خۆپیشاندانەكانی شاری مەرەند رۆژئاوای تاران رووبەڕووبوونەوە و پێكدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا روویداوە كە بەهۆیەوە سێ ئەندامی هێزەكانی بەسیج و سوپای پاسداران كوژراون.
لە لایەكی دیكەوە میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە كە لە رۆژی هەینی رابردووە بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە 75 هۆبەی جۆراوجۆری بانكەکان لە شاری شیراز باشووری ئەو وڵاتە داخراون.
هەر بەپێی میدیاكانی ئێران لە سەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانەوە تا ئێستا هەزار خۆپیشاندەر دەستگیركراون.
لە رۆژی ھەینی رابردووەوە بەھۆی بڕیاری حكوومەتی ئێران بۆ گرانكردنی نرخی بەنزین، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین تەواوی وڵاتەكەی گرتووەتەوە.
كۆمپانیای نیشتمانیی دابەشكردنی بەرھەمە نەوتییەكانی ئێران لەو بارەیەوە بڵاویكردەوە، ئەو بەنزینەی لەلایەن حكوومەتەوە دابیندەكرێت، پێشتر مانگانە تا ٦٠ لیتر، ھەر لیترێكی بە ھەزار تمەن بووە بەڵام ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ ھەزار و ٥٠٠ تمەن. لە ئەگەری بەكارھێنانی زیاتر لە ٦٠ لیتر بەنزین لە مانگێكدا بۆ ھەر ئۆتۆمبێلێك ئەوە نرخی لیترێك بەنزین بۆ سێ ھەزار تمەن بەرزدەبێتەوە.
دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاندووە، بەو ھەنگاوەیان ساڵانە داھاتی وڵاتەكە دوو ملیارو ٥٥ ملیۆن دۆلار زیاد دەكات.
ئێران كە خاوەنی گەورەترین سامانی نەوتە لە جیھاندا، حكوومەتەکەی رایگەیاندووە کە مانگانە ٦٠ لیتر بەنزین بۆ ھەر ئۆتۆمبێلێك دابین دەكات.
ئەمەش نیگەرانی و خۆپیشاندانی ھاووڵاتیانی لێكەوتووەتەوە، لەماوەی ئەو چەند رۆژەشدا گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەكاندا روویداوە كە بەھۆیەوە ژمارەیەك خۆپیشاندەر كوژراون و برینداربوون.