Zana Natık Kerem
28 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 29 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیكردەوە كە بە هیچ شێوەیەك تاران هێرشی كردبێتە سەر نێردەكانی دیپلۆماتی لە عێراق و ئاماژە بەوەیش دەكات كە لەم چەند مانگەی دواییدا، بە هاندانی ژمارەیەك وڵاتی بیانی، هێرشكراوەتە سەر بارەگا دیپلۆماتییەكانی ئێران لە عێراق.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەعید خەتیبزادە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "بەهیچ شێوەیەك تاران هێرشی نەكردووەتەوە سەر نێردەكانی دیپلۆماتی لە عێراق، بەڵكو لەم چەند مانگەی دواییدا، بە هاندانی ژمارەیەك وڵاتی بیانی، هێرشكراوەتە سەر بارەگا دیپلۆماتییەكانمان لە عێراق".
سەعید خەتیبزادە گوتیشی: "ئەو رەخنانەی كە رۆژنامەی كەیهان ئاراستەی مەرجەعی باڵای شیعە، عەلی سیستانی كردووە، هیچ پەیوەندیەکی بە دەسەڵاتدارانی فەرمی ئێرانەوە نییە، جگە لەوەیش سیستەمی ئیسلامی لە ئێران لەسەر بنەمای مەرجەعییەت بنیاتنراوە، بۆیە مەرجەعییەت لە ئێران و عێراق پارێزەری ئاشتیی، ئاسایش و سەقامگیرن لە هەردوو وڵات".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەعید خەتیبزادە جەختیشی لەسەر ئەوە كردووە كە هیچ جێگرەوییەك بۆ رۆڵی مەرجەعی باڵای شیعە، عەلی سیستانی لە عێراق نییە، هەروەها عەلی سیستانی پێگەیەكی باڵا و گرنگی لەنێوان شیعەكانی جیهاندا هەیە و گوتی:
"ئەوەی پێشتر گوتوومانە، ئێستایش دەیڵێینەوە كە رێگا بە هیچ كەسێك نادەین سووكایەتی بە پێگەی مەرجەعییەت بكات".
چەند رۆژێك لەمەوبەر سەرنووسەری رۆژنامەی كەیهان-ی ئێران، حوسێن شەریعەتمەداری لە گوتارێكدا كە لە رۆژنامەی ناوبراو بڵاوكرابوویەوە رەخنەی لە بانگەوازەكەی عەلی سیستانی گرتبوو كە داوای كردبوو گرنگە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق لەژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بەڕێوەبچێت.