Zana Natık Kerem
17 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2016
بەرپرسانی ئەمنی و کارگیڕی ئەفغانستان رایانگەیاند كە هێزەکانی سوپا لە هەردوو ویلایەتی قەندەهار و بادغیس (باشوور و رۆژئاوا)، 80 چەكداری بزووتنەوەی تاڵیبان کوشتووە.
فەرماندەی لیوای سێی ویلایەتی قەندەهار، داغارفال میرفایس لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هێزەكانی سوپا لە میانی ئۆپەراسیۆنێكدا لەسەر رێگەی قەندەهار ـ هیلمەند، 30 چەكدارای بزووتنەوەی تاڵیبان ــ یان كوشتووە".
میرفایس ئاماژەی بەوەیش دا، هەر لە میانی ئۆپەراسیۆنەكەدا كە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەکە ئەنجام درا، پێنج سەرباز كوژران.
هاوکات لە ویلایەتی بادغیس رۆژئاوای ئەفغانستان، قایمقامی ناوچەی مرغاب، زیائەددین ئاقاوزای رایگەیاند كە چەكدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان هێرشیان كردە سەر بنكەكانی هێزەكانی پۆلیس لە ناوچەكە و شەڕ لە نێوان هەر دوولا دا روویدا و لە ئاكامدا، 50 چەكداری تاڵیبان و 9 پۆلیس كوژران.
ئاقاوزای ئاماژەی بەوەیش كرد كە دوای گەیشتنی هێزی پشیتوانی حکوومەت بۆ ناوچەكە، چەكدارانی تاڵیبان هەڵاتن.
هاوكات بزووتنەوەی تاڵیبان لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە كە چەكدارانیان دوو بنكەی پۆلیسییان لە ناوچەی مرغاب كۆنترۆڵ كردووە و 14 كەسی سەربە هێزەكانی ئەمنییان كوشتووە.