Zana Natık Kerem
06 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2017
نەینەوا ــ AA
ئەفسەر لە هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ، رائید عەبدوڵڵا هومام مەیاحی رایگەیاند كە بەهۆی بۆردومانی هەڵەی فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆسەر وێستگەی شەمەندەفەری مووسڵ، ٣٣ كارمەندی پێشووی هێزەكانی ئەمنی عێراق كوژران.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، عەبدوڵڵا هومام مەیاحی گوتی: "بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوە تایبەتیەكانی خۆمان لە بەشی راستی مووسڵ بەدەستمان گەیشتووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، داعش ٤١ كارمەندی پێشووی هێزەكانی ئەمنی لە گەڕەكەكانی، وادی حەجەر و مەنسوور دەستگیركرد و دواتر بەرەو گۆڕەپانی وێستگەی شەمەندەفەری گەورە راپێچی كردن بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكات بۆ ئەوەی ئەوانەی هاوكاری هێزەكانی عێراق دەكەن، ئاشكرا بكات".
عەبدوڵڵا هومام مەیاحی گوتیشی: "لەو كاتەدا، فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی وایان زانی ئەوە گردبوونەوەی داعشە و دوو مووشەكی ئاراستەی شوێنەكە كرد".
ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوەش دا كە بەهۆی بۆردومانەكەوە، ٣٣ كارمەندی پێشووی ئەمنی كوژران و هەشتی دیكەش بریندار بوون.
ناوبراو باسی لەوەش كرد كە هەر بەهۆی بۆردومانەكەوە، ژمارەیەك تیرۆریست كوژراون و ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی داعش لە شوێنەكە وێران بوون.
بەڵام هێشتا فەرماندەیی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی هیچ روونكردنەوەیەكی لەوبارەیەوە رانەگەیاندووە.