29 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 30 ئادار 2020
واشنتۆن ــ AA
سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ پاكێجی ئابووری بە بڕی دوو تریلیۆن و 200 ملیار دۆلاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)، پەسند كرد.
ئەمەش دوای ئەوە دێت كە رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو، هەردوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەرانی ئەمریكا رەزامەندییان نیشاندابوو لەسەر ئەو پاكێجە ئابوورییە.
لەمیانی رێورەسمێكدا كە لە كۆشكی سپی رێكخرابوو، دۆناڵد ترەمپ بە بەشداری جێگرەكەی، مایك پێنیس و وەزیری گەنجینە، ستیفن منوچین لەگەڵ ژمارەیەك وەزیر و ئەندامانی كۆنگرێس، ئەو پاكێجە ئابوورییەی پەسەندكرد.
لە گوتەیەكەدا سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ گوتی: "سوپاسی دیموكرات و كۆمارییەكان دەكەم كە بەرژەوەندییەكانی وڵاتیان خستووەتەسەر سەر هەموو شتێكەوە".
ئەم پاكێجە ئابوورییە بەگەورەترین پاكێج لە مێژووی ئەمریكادا دادەنرێت كە لەچوارچێوەیدا بڕێكی زۆری ماسک، ئامێری هەناسەدانی دەستکرد لەگەڵ كەرەستەی دیكەی پزیشكی بۆ بنكە و ناوەندە تەندروستییەكانی ئەمریكا دابین دەكرێت، هەروەها قەرزیش دەدرێت بەو هاووڵاتییانەی كە ئێستا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە زیانیان بەركەوتووە.
هەروەها لە چوارچێوەی پاكێجە ئابوورییەكەدا، بۆ یەكمجار یارمەتی دارایی بە بڕی هەزار و 200 دۆلار دەدرێت بە هاووڵاتییان، جگە لەوەش بڕی 377 ملیار دۆلار بەسەر كۆمپانیا بچووك و مامناوەندەكان دابەش دەكرێت، هەروەها قەرزی قوتابیانی قوتابخانەكان تا 30ی مانگی ئەیلوولی داهاتووی پێ دەدرێتەوە.