Zana Natık Kerem
14 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2018
واشنتۆن ــ AA
سیناتۆری کۆماریی، بۆب کرۆکەر رایگەیاند، ئەنجوومەنی پیران لە میانی چەند ھەفتەی داھاتوودا بە ھۆی جەنگی یەمەن و تاوانی کوشتنی رۆژنامەوان، جەمال خاشقجی دەنگ لەسەر یاسای سزادانی سعوودیە دەدات.
بۆب کرۆکەر سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەر لە کۆتایی ئەمساڵ، ئەنجوومەنی پیران دەنگ لەسەر یاسایەک دەدات کە جەخت دەکاتەوە لەسەر راگرتنی ھەموو پشتیوانیییەکان بۆ سعوودیە لە جەنگی یەمەن.
گوتیشی: "ھەروەھا لەوانەیە دەنگ لەسەر ئەوەش بدرێت کە ئیتر چەک بە سعوودیە نەفرۆشرێت".
بۆب کرۆکەر باسی لەوەشکرد کە یاسادانەرانی ئەمریکا دەیانەوێت ناڕەزاییەتی خۆیان بەرامبەر بە سعوودیە بە ھۆی تاوانی کوشتنی جەمال خاشقجی لە کۆنسولخانەی سعوودیە لە شاری ئیستانبوڵ دەربڕین و گوتی: "لەئێستادا ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران بە دوای رێگەیەکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی ناڕەزاییەتی خۆیان بەرامبەر بە سعوودیە بە ھۆی کوشتنی جەمال خاشقجی و جەنگ یەمەن دەرببڕن".
راشیگەیاندووە "ئەگەر گرێبەستێکی فرۆشتنی چەک بە سعوودیە بێتەئاراوە، ئەوا بۆ ئێمە زۆر ئەستەم دەبێت لە ئەنجوومەنی پیران رێگری لە ھەڵوەشاندنەوە بکەین".
ناوبراو ئەوەشی ئاشکرا کرد کە یاریدەدرەکانی داوایان لە وەزیری دەرەوە، مایک پۆمپیۆ و وەزیری بەرگری، جێمس ماتیس و بەڕێوەبەری ئاژانسی ھەواڵگری ناوەندی (سی ئای ئەی)، جینا ھاسبڵ کردووە کە لە کۆتاییەکانی ئەم مانگە بێنە کۆنگرێس و ئیفادەی نھێنی خۆیان لە بارەی مەترسییەکانی پەیوەست بە رەوشی یەمەن و کوشتنی جەمال خاشقجی پێشکەش بکەن.
رۆژی شەممەی رابردوو کەناڵی "فۆکس"ی ئەمریکی بڵاویکردبوویەوە، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر پشکی دیموکراتەکان، براد شیرمان لە میانی ١٠ رۆژدا، پڕۆژە یاسایەک پێشکەش دەکات کە تایبەتە بە راگرتنی پێدانی چەک بە سعوودیە.