Abdullah Shukur
03 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 04 تشرینی یەکەم 2016
واشنتۆن - AA
ئیدارەی ئەمریکا بڕیاری ھەڵپەساردنی دانوستانەکانی خۆی لەگەڵ رووسیا پەیوەندیدار بە دۆخی سووریا راگەیاند.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیربی راگەیەنراوێکی لەبارەی دواپێشھاتەکانی رێککەوتنی راگرتنی شەڕ و پێکدادانەکانی سووریای بڵاوکردەوە.
کیربی رایگەیاند کە "ئەمریکا بەمەبەستی بەردەوامی رێککەوتنی راگرتنی شەڕ و پێکدادانەکانی سووریا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی خۆی لەگەڵ رووسیا ھەڵپەساردووە".
کیربی جەختیشی لەوە کردەوە کە ئیدارەی واشنتۆن بەمەبەستی کەمکردنەوەی توندوتیژی و گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان لە سووریا ئەوەی لە دەستی دێت دەیکات.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە رووسیا بەڵێنەکانی خۆی پەیوەندیدار بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و ھاوکاری مرۆیی نێودەوڵەتی بەجێنەھێناوە. راشگەیەنرا کە ئیدارەی رووسیا بەھۆی بێ ھێزی دەسەڵاتی نەیتوانیوە وا لە رژێمی سووریا بکات کە پابەند بێت بە ئاگربەستەوە. لە پاڵ ئەمەش رووسیا و سووریا لە ١٩ی ئەیلول ھێرشیان کردووەتە سەر کاروانی ھاوکارییە مرۆییەکان و نەخۆشخانە و خەڵکی سڤیلیان بۆردومانکردووە.
ئیدارەی ئەمریکا راشیگەیاند گشت کارمەندەکانی خۆی لە ناوەندی جێبەجێکاری ھاوبەش لەگەڵ رووسیا کێشاوەتەوە.
ھاوکات راشگەیەنرا بەمەبەستی دوورکەوتنە لە ئەگەری سەرھەڵدانی شەڕ و پێکدادانەکان لە نێوان رووسیا و ئەمریکا لە سووریا، کەناڵی پەیوەندی لە نێوان ھەردوو وڵات بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
لە لایەکی دیکەش وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ ئەمڕۆ بەیانی رایگەیاندبوو کە رێککەوتنی رووسیا لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی سووریا بەھۆی " نادیاری ھەڵوێستی ئەمریکا" ھەڵپەسێردراوە.